هەولێر سێ منداڵ لەگۆمێكدا خنكان
لە شاری هەرشەم٢ی نزیك ناحیەی بەحركە لە پارێزگای هەولێر، چوار منداڵ كەوتنە ناو گۆمێكی ئاوەوە كە سیانیان خنكان و یەكێكیشیان ڕزگار كرا.
نەقیب هۆگر عەزیز، وتەبێژ و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، دوێنێ (٩\١٢\٢٠١٥)، بنكەی پۆلیسی بەحركە لە بوونی ڕووداوی خنكان لە ناحیەی بەحركە - شاری هەرشەم٢ ئاگادار كرانەوە، دوای چوونیشیان بۆ شوێنی ڕووداو، دەركەوت كە چوار منداڵ كە بە ڕەگەز كوردی ڕۆژئاوان، كەوتوونەتە ناو گۆمێكی ئاوەوە.
بە وتەی نەقیب هۆگر، توانراوە یەكێك لە منداڵەكان بە ناوی (قەساب مەیسۆ بەرەكات) تەمەن (١٢) ساڵ ڕزگار بكرێت كە دانیشتووی گەڕەكی باداوەیە، بەڵام ئەوانی دیكە بە ناوەكانی (باسێ مەیسۆ بەرەكات) تەمەن (٩) ساڵ، (جەمیل محەممەد رەشۆ) تەمەن (٧) ساڵ، (حەمود مەیسۆ بەرەكات) تەمەن (١٠) ساڵ، گیانیان لە دەستدا و تەرمەكانیش ڕەوانەی پزیشكی دادی كران.
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەشڵێت، دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاری دا بە وەرگرتنی وتەی داواكارانی مافی كەسیی خنكاوان، تا ئێستایش لێكۆڵینەوە بەردەوامە.
PM:01:58:10/12/2015