رۆژنامەنووسێک لەتەلەفزیۆنی رووداوە بارزانی ئاگادار دەکاتەوە ئەگەر نەوشیروان مستەفا ئاشت نەکاتەوەو رێکنەکەون، هەرێمی کوردستان دابەش دەبێت.
رەمەزان کەریم رۆژنامەنووسی کوردی ئەرمینیا کە ماوەی ١٤ ساڵە لەباشوور نیشتەجێییە، لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ" لەسەر پرسی هاتنی سوپای تورک و سەردانەکەی بارزانی بۆ تورکیا وتی" پێویستە بارزانی سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بگەنە رێککەوتن، چونکە ئەگەر وانەکات کوردستان لەبەردەم هەڕەشی دابەشبووندایە".
ئەو رۆژنامەنووسە لەو بەرنامەیەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دەبێت بارزانی سەرەتا چارەسەری پرسە ناوخۆییەکان بکات، پاشان هەنگاو بنێت بۆ دەرەوەی هەرێم.
رەمەزان کەریم کە شرۆڤەکاری سیاسیشە، دەڵێت" دەبێت پرسی دەرەوەی هەرێمیش هیچ کەسێک یان لایەنێک تەحەکومی پێوە نەکات، بەڵکو هەموو لایەنەکان بەشداری پرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەو جیهاندا بن".
سەبارەت بەهاتنی سووپای تورکیا بۆ ناوچەکانی دەوری موسڵ، ناوبراو پێیوایە هاتنی سووپای تورکیا دەستی ئێران واڵاتر دەکات لەجاران زیاتر، دەست لەکاروباری هەرێم وەربدات.