دوای پەرەسەندنەکانی عێراقو سەردانی بارزانی بۆ لای پادشای سعودیەو هاتنی سوپای تورکیا، لە دوو رۆژی داهاتوودا وەفدێکی باڵای یەکێتی سەردانی بەغدا دەکات و ئامانجی سەرەکی سەردانەکەش کۆبوونەوەیە لەگەڵ لایەنە شیعەکان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بەسپی راگەیاند" ئامانج لەو سەردانە بینین و کۆبوونەوەیە لەگەڵ لایەنە شیعەکان بە پلەیە یەکەم و دواتر کۆبوونەوەیە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانی تر".
سپی زانیویەتی وەفدەکە لە مەلابەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی و عومەر فەتاح کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پێکدێت.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد یەکەم دیداری وەفدەکەی یەکێتی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیدا دەبێت و وادە دانراوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی تر.
لەساڵی پارەوە سەردەمی مالکی لە ٥/٣/٢٠١٤ ەوە هاوپەیمانێتی شیعە لەرێگای سکرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی، عادل مورادەوە میونداری فەرمیان بۆ یەکێتی ناردووە تا سەردانیان بکەن، بەڵام دواکەوتووە تا ئێستاو، دوای ئەو هەموو پەرەسەندنە نوێیانەی لەعێراق و ناوچەکەدا هاتۆتە ئاراوە، وەفدەکەی یەکێتی سەردانەکەی لە دوو رۆژی داهاتوودا دەکات.