پارتی بۆ کەجەکە: بوونەتە مایەی وێرانبوونی ٥٠٠ گوند لە باشور

کەجەکە بەیانێکی توندی لەسەر پارتی دەرکرد، پارتیش نەیهشت رۆژێکی بەسەردا تێپەڕێت و لە بەیانێکدا دەڵێت" ناوی زیاتر لە 500 لەو گوند و ناوچانە بڵاو دەكەینەوە كە بوونەتە هۆی ئەوەی وێران ببن و ژیانی تێدا نەمێنێ و خەڵك چۆڵی بكات و ئاوەدان نەكرێنەوە".

پارتی کە لەرێگای وتەبێژەکەیەوە ئەو راگەیاندندی لەسەر کەجەکە بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە" كە تورك هاتووەتە سنووری هەرێم و شوێنەكانی تر لەبەر ئێوە و سیاسەتە هەڵەكانی ئێوە بووە. پارتی بۆ باجی سیاسەتی هەڵەی ئێوە بدات، پارتی چیترتان بۆ بكات؟ لەبەر زۆر بابەت پارتی دیموكراتی كوردستان تەنانەت ئەو زوڵم و ستەمەی ئێوەیشی لەبەر چاوی گەل شاردووه‌تەوە كە دەرهەق گەلی كوردستان و خاكی كوردستان ئەنجامتان داوە. هەر ئێوەن بوونەتە سەرچاوەی كێشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد".

ده‌قی راگه‌یاندراوی گوته‌بێژێك به‌ ناوی پارتییه‌وه‌:

كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە ڕۆژی سێشەممە 15ـی 12ـی 2015 بەیاننامەیەكی لەسەر بارودۆخی سیاسی بڵاو كردووەتەوە، كە بە داخەوە وەك هەمیشە بە نەفەسێكی دوژمنكارانە لە دژی پارتی نووسراوە و ئیتر لەوە ڕاهاتوون هەر گرفتێك هەبێت هەر فەشەلێك كە لە سیاسەت و كارەكانیان تووشی بن، بێ دوودڵی بە ناهەق باسی پارتی دەكەن و پارتی بۆ پەردەپۆشكردنی ناشرینی و شكستەكانیان بەكار دەهێنن. وەك بڵێی هیچ ئەرك و كارێكیان نەبێ جگە لە دژایەتیی پارتی و بڵاوكردنەوەی لێكدانەوەی بێ بنەما و تەنیا خۆیان بۆ دروستكردنی كێشە تەرخان كردووە.
كە تورك هاتووەتە سنووری هەرێم و شوێنەكانی تر لەبەر ئێوە و سیاسەتە هەڵەكانی ئێوە بووە. پارتی بۆ باجی سیاسەتی هەڵەی ئێوە بدات، پارتی چیترتان بۆ بكات؟ لەبەر زۆر بابەت پارتی دیموكراتی كوردستان تەنانەت ئەو زوڵم و ستەمەی ئێوەیشی لەبەر چاوی گەل شاردووه‌تەوە كە دەرهەق گەلی كوردستان و خاكی كوردستان ئەنجامتان داوە. هەر ئێوەن بوونەتە سەرچاوەی كێشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد. كەس نازانێ و خۆشتان نازانن چیتان دەوێ و بەدوای چین و كێ پاڵتان پێوە دەنێ، جگە لە گرفت و تەگەرە چیتان بۆ گەلی كوردستان كردووە؟ باشە بۆ ناچن كێشەكان ببنە توركیا و لەگەڵ توركیا چارەسەری بكەن؟ كە ناتوانن بەڕووی توركیادا بێنەوە بۆچی دەبنە مایەی گرفت و تەنگوچەڵەمە بۆ هەرێمی كوردستان؟
بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بزانێ چیتان بەسەر هەرێمی كوردستان هێناوە و ئاگاداری بەشێكی بچووكی زوڵم و ستەمتان بن، ناوی زیاتر لە 500 لەو گوند و ناوچانە بڵاو دەكەینەوە كە بوونەتە هۆی ئەوەی وێران ببن و ژیانی تێدا نەمێنێ و خەڵك چۆڵی بكات و ئاوەدان نەكرێنەوە و، ڕێگەیشیان نەداوە حكوومەتی هەرێمی خزمەتگوزاری بگەیێنێتە ئەو گوندانە. تێكدانی ژیانی كوردان بووەتە پیشەتان. ئەوەتا ئێستایش بەهۆی ئێوە ژمارەیەكی زۆر لە گوندەكانی باكووریش خەریكە ژیانیان تێدا نامێنێ و بەهۆی سیاسەتە نادروستەكانتان خەڵكی ئەم دەڤەرە ژیان و ئارامیان تێكچووە و ئاوارە دەبن. ئیتر كاتی ئەوە هاتووە خەڵكی كوردستان لە ئێوە و ماهیەت و كردەوەكانتان تێ بگات. با بێن بەراورد بكەن كە ئێوە ژیانی خەڵكی كوردستانتان تێكداوە یان پارتی دیموكراتی كوردستان.




PM:10:34:15/12/2015