تورکیا هێزی زیاتر رەوانەی پارێزگای نەینەوا دەكات
لەكاتێكدا دەنگۆی ئەوە هەبوو كە هێزەكانی توركیا لە ناوچەی باشیكو لە پارێزگای نەینەوا دەكشێنەوە، ئەمرۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند هێزی زیاتر رەانەی پارێزگای نەینەوا دەكات.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایدەگەیەنێت، دوای ھێرشکردنەکە سەر سەربازانی تورکیا لە نزیک شارۆچکەی بەعشیقە، ”پێویستە تورکیا ھێزی زیاتر بۆ عێراق بنێرێت، چونکە ئەم ھێرشە ترسی ئەمن و ئاسایشی بۆ ئێمە زیاتر کردووە".
پێشتر سوپای تورکیا رایگەیاندبوو، کە بەمەبەستی مەشقکردن بە هێزەکانی حەشدی نیشتیمانی، کە خەڵکی پارێزگای نەینەوان و ئەسیل نوجەیفی فەرماندەییان دەکا، هێزێکی تورکیا لە سنووری پارێزگای نەینەوا جێگیرکراون و بووەتە هۆی ناڕەزایی حکوومەت و بەرپرسانی باڵای عێراق.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2015، چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بە چەند موشەکێک ھێرشیان کردە سەر سەربازگەی زلیکانی حەشدی شەعبی، کە راوێژکارە تورکییەکانیش لەوێ مەشقیان پێدەکەن و چوار سەربازی تورکیا برینداربوون.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە ئەو ھێرشانەی داعش مەترسیی بۆ سەر عێراقییەکان ھەیە، ھەروەھا مەترسیی بۆ سەر راھێنەرە سەربازییەکانی تورکیا و ئەو سەربازانە ھەیە، کە راھێنان دەکەن، ”ھەر بۆیەش پێویستە ئێمە ھێزەکانی خۆمان لە کاتەکانی پێشوو بەھێزتر بکەین، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بەوەیە ھێزی زیاتر بنێرینە عێراق، ھەر بۆیەش ئێمە بە شێوەیەکی برایانە قسە لەگەڵ باڵادەستانی عێراق دەکەین، ھەروەھا باڵیۆزی ئێمە بۆ ئەم مەبەستە ئاگاداریی حکوومەتی عێراق کردووەتەوە".
PM:03:20:17/12/2015