سەرۆکی پەرلەمان، دەڵێت " دەرفەتێک گرنگمان بۆ ڕەخساوە، لە سەد ساڵی ڕابردوودا کورد دەرفەتی وای بۆ نەهاتووە پێش، بەتایبەتیش هەماهەنگی نێوان پارچەکانی کوردستان و هاوکاری پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلا لە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش، بەڵام بونی گەندەڵی و ناشەفافی و قۆرخکاری سیاسی، هەڕەشەیە بۆ سەر پێگەی هەرێمی کوردستان.
ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمان لە میانی سەردانێکیدا هات کە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٩-١٢ بۆ لای کەسایەتی دیاری کوردستان، جەلالی سام ئاغا، بەبۆنەی وەرگرتنی دوو خەڵاتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی لەبواری دژایەتی کردنی گەندەڵیدا.
لە سەردانەکەدا سەرۆکی فراکسیۆنەکانی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانی کوردستان و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق یاوەری سەرۆکی پەرلەمان بوون.
جەلالی سام ئاغا، دوای بەخێرهاتنی سەرۆکی پەرلەمان و شاندی هاوڕێی وتی "ئەوەی بەرامبەر پەرلەمان کرا لە هیچ شوێنێکی دونیا نەکراوە، پەرلەمان دەزگایەکی یاسایی هەرێمی کوردستانە، بەڕێگریکردن لەسەرۆکی پەرلەمان و پەکخستنی کارەکانی پەرلەمان زیانێکی گەورەیان لەناوبانگی کورد دا، هەرگیز مێژوو ئەو ڕووداوە لەیاد ناکات.
سەرۆکی پەرلەمان، پیرۆزبایی لە جەلالی سام ئاغا کرد بۆ وەرگرتنی دوو خەڵاتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی لە بواری دژایەتی کردنی گەندەڵیدا، ئاماژەی بەوەشدا کە بەڕێزیان نمونەی پیاوی دەوڵەت و دژ بە گەندەڵین، دەبێت هەمو بەرپرسانی هەرێم وانەی لێوەرگرن و شانازی بەم پیاوە پاک و نیشتمانپەروەرەوە بکەن.