مەكتەبی سیاسی پارتی بڕیار لەبارەی وەرگرتنەوەی بارەگاكانی دەدات

بڕیارە لەكۆبوونەوەی داهاتووی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیار لەسەر وەرگرتنەوەی بارەگاكانیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە بدرێت.

لەمبارەیەوە فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی وت: "بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاكانمان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان چاوەڕێی سەرووی خۆمان دەكەین و، بڕیارە لە مانگی داهاتوودا مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان جارێكی دیكە كۆ ببێتەوە و تێیدا چەند بڕیارێك دەدات، كە یەكێك لەوانە وەرگرتنەوەی بارەگاكانمان دەبێت".

وتیشی: "لە ئێستادا هیچ بڕیارێك بۆ وەگرتنەوەی بارەگاكانمان نەدراوە و چاوەڕێی كۆبوونەوەی داهاتوو دەكەین".

دوای ئەوەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان هێرش كرایە سەر بارەگاكانی پارتی، پارتی بڕیاری دا كە بارەگاكانی رادەستی هێزە ئەمنییەكان بكات و، تاوەكو ئێستایش وەری نەگرتوونەتەوە.




PM:02:57:23/12/2015