نوسەرێک وەڵامی کەسایتی دیاری ئاینی و مامۆستای زانکۆ د. عەدبدولواحید محەمەد دەداتەوە لەسەر ئەوەی وتبووی " بۆیە مناڵ لەکاتی لەدایکبووندا دەگری، چونکە شەیتان چرنووكی لێدەگرێت"، ئەو نوسەرە، دەڵێت" سەدوچل میلیۆن منداڵ لە دایک دەبن، ئایا شەیتان چۆن فریای ئەو هەموو چڕنووکە دەکەوێت ؟".
نوسەری ناسراو حەمە سەعید حەسەن لە وتارێکیدا وەڵامی دکتۆر عەبدولواحید محەمەد دەداتەوەو دەڵێت" د. عەبدولواحید موحەممەد کە مامۆستای زانکۆیە لە پایتەختی ڕۆشنبیری دەڵێت : ( پیاو کە دەچێتە لای ژن ، لەو پرۆسەی جووتبوونەدا ، شەیتانیش بەشدارە ، بۆیە پێویستە پیاو دەستنوێژی هەبێت و بەدەم زیکری ناوی خواوە ، دەست بە ئیشەکە بکات ، ئەگەر نا ، جین و کرۆمۆسۆمی شەیتان تێکەڵ بە جین و کرۆمۆسۆمی منداڵەکە دەبێت)".
حەمە سەعید حەسەن لەوەڵامەکەیدا دەڵێت" با وای بۆ بچین ، هەموو پیاوانی موسڵمانی دونیا ، تا دەستنوێژ هەڵنەگرن ، جووت نابن ، بەم پێیە چی منداڵی غەیرە موسڵمانی دونیا هەیە ، ( بە بوودایی و هیندۆس و کریستیانەوە کە نزیکەی سێ چارەکی منداڵانی جیهان پێک دەهێنن ، ) بە جین و کرۆمۆسۆمی شەیتانەوە لە دایک دەبن! لە سالێکدا ، لە دونیادا ، هەر یەکی لە گۆشەیەکی ئەم زەوینە بەرینەوە ، سەدوچل میلیۆن منداڵ لە دایک دەبن ، ئایا شەیتان چۆن فریای ئەو هەموو چڕنووکە دەکەوێت ؟".
ئەو نوسەرە دەڵێت" ڕەنگە لە شەو و ڕۆژێکدا نزیکەی دوو ملیارد سەرجێیی ڕوو بدات ، ئایا شەیتان چۆن پێ ڕادەگات ، لە هەموویاندا بەشداری بکات ؟ ئایا شەیتان لەو پرۆسەیشدا بەشدارە کە لەناو شووشەیەکدا ، تۆوی پیاوێک هێلکەی ژنێک دەپیتێنێت ؟".
حەمە سەعید حەسەن رای خۆی لەسەر شەیتان دەڵێت" شەیتان وەهمە ، پێش سەرهەڵدانی سێ ئایینە ئاسمانییەکە ، کە لە هەر سێکیاندا هەیە ، لە ئەفسانە و لە ئایینە زەوینییەکانیشدا هەبووە . باشە ئەوە خودای گەورەیە ، ئاگاداری جووڵەی مار و مێرووە یان شەیتان؟".