ڕێگریی لە گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا دەکرێت

وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا باس لە هۆكارەكانی گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزوتنەوە دەكات لە وڵاتی بەریتانیا.

پاش ئەوەی هەینی رابردوو ھەریەک لە جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و جەلال کەریم بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم، لەبەریتانیا سەردانی نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد. لەو بارەیەوە شۆڕش حاجی وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاند: ئەو سەردانە لەسەر داواکاری ھیچ لایەنێکی سیاسی نەبووەو سەردانێکی ھاوڕێیانە بووە، چەند کەسایەتیەک کە بەسەردان لەبەریتانیا بوون، بەپێویستیان زانیوە بەمەبەستی ھەواڵپرسین و ئاگاداربوون لەتەندروستی، سەردانی نەوشیروان مستەفا بکەن.
 
سەبارەت بەوادەی گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ ھەرێمی کوردستان، کە پێشتر بڵاوکرایەوە کۆتایی ئەم مانگەو بەر لەسەری ساڵی نوێ دەگەڕێتەوە، شۆڕش حاجی ئاماژەی بەوەدا ھیچ شتێکیان لەبارەی گەڕانەوەی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان نەبیستووە.
ئاشکراشیکرد، نەوشیروان مستەفا لەژێر چاودێری پزیشکدایە لەبەریتانیاو خۆیشی چەند جارێک داوایکردووە بگەڕێتەوە بۆ ھەرێم، بەڵام لەلایەن پزیشکەکانەوە ڕێگەی گەڕانەوەی پێنادرێت.

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان نەشی شاردەوە کە ڕێکخەری گشتی زۆر پەلەی گەڕانەوەیەتی بۆ ھەرێم.




PM:09:20:26/12/2015