گۆڕان: پارتی سەرۆكایەتی هەرێم بە ناشەرعی بەكاردەهێنێت

پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەی گۆڕان پێیوایە پارتی پەرلەمانی پەكخستوە‌و سەرۆكایەتی هەرێمیش بە ناشەرعی لەلایەن پارتییەوە بەكار دەهنێرێت.

ئەنوەر قادر، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لەنوسراوێكدا وەڵامی دڵشاد شەعبان پەرلەمانتاری پارتی دەداتەوە‌و دەنوسێت: پێم سەیرە پارتییەكان باسی چاكسازی دەكەن، لایەنێك كە خۆی سەرقافلەی گەندەڵی و بەهەدەردان و تاڵانكردنی سەروەت و سامانی خەڵك بێت، كەچی بە روویەكی زۆر قەیمەوە باسی چاكسازی دەكات، پارتی  ئەو هێزە نیە چاكسازی بكات چونكە خۆی خوڵقێنەری سەرجەم نەهامەتیەكانە.
ئەنوەر قادر هەروەها دەڵێت: پارتی پەرلەمانی پەكخستوە و دەستیشی گرتووە بەسەر حكومەتدا و سەرۆكایەتی هەرێمیش شەرعیەتی نەماوە بەڵام پارتی بە ناشەرعی بەكاریدەهێنێ، واتە كۆی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمدا لەلای ئەو حزبەوە وەستاوەو بە حكومی قەرەقوش دەستی گرتووە بەسەر سەرجەم جومگەكانی دەسەڵاتی هەرێم كەچی لەولاشەوە باسی چاكسازی دەكات، ئاشكرایە چاكسازی كاتێك دەكرێت كە یاسا سەروەر بێت نەوەك حكومی بنەماڵەو دیوەخان، ڕوون و ئاشكراشە یاسا شكێنی و ستەمكاریەكانی ئەو حزبە لە لوتكەدایە، خەڵكیش زۆر لەوە وشیارترە كە بە چەواشەكارییەكانی ئەوان هەڵبخەڵەتێت.




PM:02:59:03/01/2016