وڵاتێكی دراوسێ كێشەی بێ كارەبایی سلێمانی چارەسەر دەكات
بڕیارە بڕی كارەبای پێویست بۆ هەر دوو پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجە لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دابین بكرێتو بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی زانیاریی زیاتر لەمبارەوە ئاِشكرا دەكات.
سالار حسامەدین بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی رایگەیاند: کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیی دەربڕیووە بۆ دابینکردنی ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ ھەردوو پارێزگای ھەڵەبجەو سلێمانی، بەڵام تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەوە نەدراوە.
ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە، ڕێکەوتنەکە بەھەمانشێوەی دابینکردنی ٢٥ مێگاوات کارەبای پێنجوێن واژۆ بکرێت و پارەی پێویستی بۆ دابینبکرێت.
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی، ڕاکێشانی کارەبا لەئێرانەوە تەنھا لەسەر بڕیاری حکومەتی ھەرێم ماوە، بەگەیشتنی ئەو کارەبایەش بەشێکی زۆری گرفتەکان چارەسەر دەبن.
سەبارەت بەدەسەڵاتی ئیدارەی سلێمانی لەسەر کڕینی کارەبا، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی ڕوونکردنەوەیداو ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئەگەر سیستمی لامەرکەزیەت بۆ سلێمانی بچەسپێت، لەڕووی دارایی و ئیدارییەوە، ئەوا ئیدارەی شارەکە دەتوانێت ئەو گرێبەستە واژۆ بکات و بەبێ گەڕانەوە بۆ ھەرێم کارەباکە ڕابکشێت.
سەبارەت بەتێچووی کڕینی کارەبا لەئێرانەوە، سالار حسامەدین ئەوەی ئاشکراکرد کە تێچووی کارەبا لەئێران زۆر ھەرزانتر دەبێت، لەو کارەبایەی ئێستا لەناوخۆی ھەرێم بەرھەمدەھێندرێت.
سەبارەت بەدابینکردنی ٢٤ کاتژمێر کارەبا بۆ ھاوڵاتیان، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی نەیشاردەوە کە تەنھا بەدابنیکردنی مێگاواتی کارەبا ناتوانرێت ٢٤ کاتژمێر کارەبا بدرێتە ھاوڵاتیان، وتیشی:"فشارێکی زۆر لەسەر فیدەرەکانی کارەبا ھەیە، بۆیە لەبنەڕەتەوە پێویستمان بەدووبارە ڕێکخستنی سیستمی دابەشکردنی کارەبای ماڵان ھەیە".
PM:12:08:15/01/2016