پارتی: لەھەر شوێنێک توندوتیژی دروست بێت، گۆڕان لێی بەرپرسیارە
پەرلەمانتارێكی پارتی رایدەگەیەنێت گۆڕان بە فەرمی خەڵک ھان دەدات بۆ ئەوەی بڕژێنە سەرشەقام و خۆپیشاندان بکەن، بۆیە ھەر توندوتیژییەک دروست ببێت گۆڕان لێی بەرپرسیارە.
نازم هەركی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتیو جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی حیزبەكەی راگەیاند "کۆنگرەی رۆژنامەوانی گوتەبێژی گۆڕان، یەک مەبەستی ھەبوو ئەویش ئەوەیە، کە خەڵک ھان بدات و، بە ئاشکرایش ئەمەی باس کرد، دیارە کە بەرنامەیان بۆی داڕشتووە خەڵک بێننە سەرشەقام و توندوتیژی لێ دروست بێت."
وتیشی، گۆڕان دەیەوێت پرسی قەیرانی دارایی بقۆزنەوە و بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان بە کاری بھێنن، ئەگەر نا خۆیشیان باش دەزانن قەیرانی دارایی تەنھا لە ھەرێمی کوردستان نییە و نێودەوڵەتییە، بۆیە دەیانەوێت خۆیان لە بەرپرسیارەتی بدزنەوە و ئەوان بەو قەیرانەی دارایی خۆشحاڵن، کە خەڵکی کوردستان تێیکەوتووە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند: ئەم قەیرانە کاتییە و پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان خۆیان لە بەرپرسیارەتی نادزنەوە و لەگەڵ ھەموو ناخۆشییەکانی خەڵکدان، لەبەر ئەوەی خۆیان بە نوێنەری راستەقینەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەزانن و دیار بوو گۆڕان توانای بەرپرسیارەتی نییە و تەنھا کاریان ھاندانی خەڵکە دژی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان.
(نازم ھەرکی) ئەوەشی گوت، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگا ئەمنیەکان ھۆشیار بن و ئەمە بە گرینگییەوە لەبەرچاو بگرن، چونکە ئەمانە دەمێکە خەریکی پلاندانان و پێشتریش ھەڵسوڕاوانیان بە بەردەوامی داتای ھەڵە بۆ خەڵکی دەخنە ڕوو، بۆیە لە ھەرشوێنێ خوێن بڕژێت، گۆڕان لێیی بەرپرسیارە.
PM:01:13:19/01/2016