یەكێتی: هاوسەرەكەی ئاشتی هەورامی 10 كۆمپانیای بەناوەوەیە

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی ئاشكرایدەكات هاوسەرەكەی ئاشتی هەورامی دوو پاسپۆرتی عێراقی هەیە‌و 10 كۆمپانیایش بەناوی خۆیەوەیەتی.

پاش ئەوەی میدیاكانی پارتی بڵاویانکردەوە، لەڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانەوە کەتایبەتە بەلێکۆڵینەوە لەچەند دۆسیەیەکی تایبەت بەنەوت و بازرگانیکردن پێیەوە، دەستبەسەر ٢٧٦ ملیار دیناری (چراخان ڕەفیق عومەر) ھاوسەری ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکاندا گیراوەو لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەوبارەیەوە بەردەوامە.

لەوبارەیەوە گۆران ئازاد ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەپەرلەمانی کوردستان بۆ میدیاکانی حیزبەکەی ئاشکرایکرد، ماوەیەک پێش ئێستا لەچوارچێوەی ئەو پڕۆژە چاکسازیەی بەحکومەتیانداوە، چەندین زانیاری گرنگ لەسەر ئەو بابەتە ڕادەست کراوە.
گۆران ئازاد ئەوەشی ئاشکراکرد، ھاوسەرەکەی ئاشتی ھەورامی خاوەنی دوو پاسپۆرتی عیراقیە کە لەھەر یەکێکیاندا ناوی باوکی جیاوازە، "ئەوەش پێچەوانەی یاسایەو ڕێگە پێنەدراوە".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی باسی لەوەشکرد، ئەوان زانیاریی وردیان ھەیە لەبارەی ئەوەی، ھاوسەرەکەی ئاشتی ھەورامی خاوەنی (١٠) کۆمپانیای گواستنەوەی سوتەمەنیە کە لەناوەوەو دەرەوەی ھەرێمی کوردستان کاردەکەن.

وتیشی:"ئەو ١٠ کۆمپانیایە قۆرخکاریی لەگواستنەوەو مامەڵەکردن لەگەڵ سوتەمەنی دروستکردووەو دەستی بەسەردا گرتووە".

گۆران ئازاد ئەوەشی باسکرد، (چراخان ڕەفیق عومەر) ھاوسەری ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکان بڕێکی ئێجگار زۆر پارەشی لەبانکەکانی کوردستاندا ھەیە، "سەرجەم ئەو زانیاریانەش لەچوارچێوەی ڕاپۆرتی چاکسازیدا خراوەتە بەردەستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان".

بەگوێرەی میدیاکانی پارتی، بەفەرمانی لیژنەیەکی تایبەتی سەرۆکایەتی ھەرێم، دەستبەسەر بڕی ٢٧٦ ملیار دیناری چراخان ڕەفیق عومەردا گیراوە، بەھۆی ئەوەی "بەشێوەی نایاسایی بازرگانی بەنەوتەوە کردوەو لەچەند گەندەڵییەکیشدا تێوەگلاوە".

باس لەوەشدەکرێت، دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەکارەکانی چراخان ڕەفیق، کە ھەڵگری پاسپۆرتی عیراقی و ئەڵمانییە، ئێستا ئەوکەسە کوردستانی بەجێھێشتوەو لەشاری ئیستانبوڵە لەتورکیا.




PM:02:53:20/01/2016