سەرۆکی پەرلەمان: دیموکراسی لەکەدار کراوە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، د.یوسف محەمەد سادق، دەڵێت "بەداخەوە بەهۆی سووربونی لایەنێکی سیاسی لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتی حزبی خۆی بەسەر دامودەزگا شەرعییەکاندا دیموکراسیەت لەکەدار کراوە".

لەمیانەی خوێندنەوەی وتارێک لە دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی کانتۆنەکانی خۆرئاوا، کە ئێوارەی ئەمڕۆ ٥ شەممە لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی سازکرا، د یوسف محەمەد وتی" "بەداخەوە بەهۆی سووربونی لایەنێکی سیاسی لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتی حزبی خۆی بەسەر دامودەزگا شەرعییەکاندا و کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکانی داهات، هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ناسەقامگیریی سیاسی و قەیرانی دارایی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا تیدەپەڕێت، ئەو دیموکراسییەی کە دەریایەک خوێن فرمێسک و کاولکاری لە پێناودا دراوە، لەکەدار کراوە".

ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمان، لە میانی بەشداریکردن و پێشکەشکردنی وتارێک بوو، لە دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی کانتۆنەکانی خۆرئاوا، کە ئێوارەی ئەمڕۆ ٥ شەممە لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی سازکرا.

لەبەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان، وتی "بەناوی خۆم  و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە، سوپاسی گەرمی ئەو شەڕڤانە قارەمانانە دەکەم، کە هاوشانی هێزی پێشمەرگە، بەتایبەتی پێشمەرگە ئێزیدییەکان لە شەنگال چوون بەهانای خەڵکەوەو نەیانهێشت تیرۆرستان بە تەواوەتی جینۆساید بکەن و لە چیای شەنگال بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیەیان لە مەرگ قوتار کرد، ئەمە جگە لە ئازادی شەنگال، کە گەریلا، شانبەشانی پێشمەرگە ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو."



PM:08:57:21/01/2016