٦ لایەن داوادەكەن دەستبەسەر پارەی بەرپرسان لەئەوروپا بگیرێت

شەش فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان داوا لە كۆمپانیا و بەرپرسە حیزبیەكان دەكەن ئەو پارانەی خەڵكی كوردستان بهێننەوە كە لە بانكەكانی ئەوروپا و ناوخۆدا هەڵیانگرتون.

بێجگە لە فراكسیۆنەكان یەكێتی‌و پارتی، هەر یەك لە فراكسیۆنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان، لەگەڵ فراكسیۆنەكانی ئازادی و بنائولنەهرەین لە راگەیاندراوێكی هاوبەشدا لەژێر ناوی "پارەی گەل بۆ گەل" داوادەكەن ئەو پارانەی كە براون و لە بانكەكانی دەرەوە و ناوخۆدا گلدراونەتەوە بهێنرێنەوە كوردستان و موچەی خەڵكی پێ‌ دابین بكرێت.

هەر لەو راگەیاندراوەدا هاتوە، بەردەوام بونی ژمارەیەك لایەن لە بردن و داچۆڕاندنی داهاتی گشتی، هەرێمی كوردستانی بەم دۆخە گەیاندكە حكومەت تەنانەت ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانیش دابین بكات.

لە راگەیاندراوەكەدا شەش فراكسیۆنەكە پێنج خاڵ بۆ گێڕانەوەی پارەكان دەخەنەڕو، لەوانەش داوادەكەن پەرلەمان دوای كاراكردنەوەی بەدواداچون بكات و دەستەی دەستپاكی و داواكاری گشتی بەپێی یاسا و دەسەڵاتەكانیان بەدواداچون بكەن، هاوكات رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و هاوڵاتیان فشارەكانیان زیاتر بكەن و رەوەندی كوردستانیش لە دەرەوە بەدروستكردنی فشار و هەر هەوڵێكی یاسایی و مەدەنی رۆڵی خۆیان بگێڕن لە هێنانەوەی پارە براوەكان بۆ خەڵكی كوردستان.




PM:02:44:02/02/2016