هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و محەمەد فەرەج بە دوو هۆکاری جیاواز بەشداری کۆبوونەوەی سبەینێی لیژنەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و بزووتنەوەی گۆڕان ناکەن، سپی هۆکارەکەی رادەگەیەنێت.
هەرچەندە هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و محەمەد فەرج ئەندامی باڵای لیژنەی کاراکردنەوەی پەرلەمانن، بەڵام سبەی ٢/٣ بەشداری کۆبوونەوەی لیژنەکە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ناکەن و هۆکەشی بۆ ململانێی نێوان هەردوو باڵی نێچیرڤان و مەسرور بارزانیەوە دەگەڕێتەوە کە هۆکارن لەبەردەم بەشداری ناوبراو لەکۆبوونەوەکەی سبەینێدا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، بەهۆی جیاوازیی و ململانێی نێوان نێچیرڤان و مەسرورەوە، سبەی بۆ کۆبوونەوەکە لەگەڵ گۆڕاندا نێچیرڤان بەشداری ناکات، " چونکە نێچرڤان بەرامبەر گۆڕان وا ناسراوە کە باڵی کۆترە، بە پێچەوانەوە مەسرور وا ناسراوە کە باڵی هەڵۆکانن و توندن بەرامبەر گۆڕان".
نێچیرڤان بارزانی لەناو پارتیدا کە وەک ئەندازیاری بەشداریپێکردنی گۆڕان لەناو حوکمەتدا ناسرابوو، لەسەروبەندی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی و کۆبوونەوەی ٢٣ حوزەیرانی ٢٠١٤ ی پەرلەمانی کوردستان کە لیستی پارتی بەتەنها مایەوە، نێچیرڤان بارزانی لەلای باڵەکەی ترەوە روبەرووی رەخنەی توند بوەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، نێچیرڤان بارزانی لەئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئێستای پەرلەمان بەتایبەتی لەگەڵ گۆڕان، نایەوێت ئەو وێنەیە بداتەوە بە باڵەکەی تر کە ئەم هاوسۆزە لەگەڵ گۆڕاندا، بەڵکو دەیەوێت ئەو وێنەیە بدات کە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی پەرلەمان و حکومەت سیاسەتی پارتیەو ئەویش وەک ئەوانی تر بەرپرسیارە تیایدا.
هەرچی حەمە فەرەجە ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی، بەو پێیەی کەسی یەکەمی یەکگرتووە، لەرووی ئەتەکیەتی سیاسیەوە نایەوێت بەشداری کۆبوونەوەیەک بکات کە لەنێو پارتی و یەکێتیدا کەسی یەکەم و دووەم بەشداری کۆبوونەوەکەی سبەینێ ناکەن.