نێچیرڤان و مەسعود و مەسرور .. ئەرشیف
بەهۆی توندبوونەوەی ناکۆکی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور مەسعود بارزانی، وێنەکانی نێچیرڤان ئیدریس بارزانی لەبارەگاکانی پارتی دادەگیرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لەسەرکردایەتی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ماوەیەک هەرچی ئەو وێنانەی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمە لە بارەگا حیزبی و هەندێکیان لە بینا حکومیەکاندا هەڵواسراون بە بڕیارێکی حیزبی داگیراون و، تەنها وێنەی مەلا مستەفای بارزان و مەسعودی کوڕی کە سەرۆکی پارتیە هێڵراونەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد داگرتنی ئەو وێنانەی نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ململانێ سیاسی و حیزبی و دەسەڵاتخوازەی لەنێوان ئەو و مەسرور بارزانیدا هەیە.
سەرچاوەکەی سپی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە داگرتنی وێنەکانی نێچیرڤان بارزانی بەبێ ئاگاداری سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی نەبووە.
لەدوای توندبوونەوەی ململانێکانی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتیەوە، ململانێی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی توندتربوونەتەوەو مەسرور بارزانی دەیەوێت ئەو وێنەیە لەلای مەسعود بارزانی و پارتی بکێشێت کە نێچیرڤان بارزانی بەرپرسە لە " تەسویق کردن" بۆ گۆڕان و هێنانە پێشەوەیان و ئەو شکستەی لەو پەیوەندن نێوان پارتی وگۆڕاندا روویدا.
چەند ساڵێکە هەوادارانی نێچیرڤان بارزانی لەناو پارتیدا، لەهەندێک بارەگای حیزبی و حکومیدا وێنەی نێچیرڤان بارزانیش لەگەڵ وێنەکانی تردا هەڵدەواسرێن، بەڵام بەبڕیاری پارتی ماوەیەکە هەموو وێنەکانی نێچیرڤان بارزانی لێدەکرێنەوەو دادەگیرێن.