كاردانەوەی توركیا لەسەر گشتپرسی هەرێمی كوردستان
"ئاكپارتی" پێیوایە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ناوچەكە ئاڵۆزتر دەكات كە پاش رێكەوتننامە سایكس پیكۆ سنوری ساختەی بۆ دانراوە.
رۆژنامەی حوڕەتی توركیا لەزاری "عومەر چلیك" وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان رایگەیاند: رێكەوتننامەی سایكس پیكۆ لە مانگی ئایاری ئەمساڵ دەبێتە 100 ساڵ، سنوری ساختە لە ناوچەكە دروستكرد كە كاریگەریی ناسەقامگیریی لەسەر كۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست كرد.
عومەر چلیك لە كاردانەوە بە وتەكانی مەسعود بارزانی سەبارەت بە سازادنی گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان وتی: لەروانگەی منەوە ئەم مەسەلەیە كە رێگە بەدروستبوونی وڵاتێكی نوێ بدرێت یا نا، تەنیا سنورە ساختەكان بەهێزتر دەكاتو كە رێكەوتننامەی سایكس پیكۆ بەرهەمی هێنا.
وتیشی: ئەوەی كە ئێستا گرنگە ئەوەی كە دەبێت باس لەوە بكەین چۆن دەكرێت تەواوی گروپە ئیتنیو نەتەوەییەكان دەتوانن ناوچەیەكی نوێیو خۆشگوزەرانو پێشكەوتوو دروست بكەن بە بێ دەستكاریكردنی سنورەكان، بەجۆرێك كە هاوكات لەگەڵ ئەم سنورانەی ئێستا هەیە، ئازادی نوێ هەبێتو رێز لەبۆچوونە سیاسییەكانو كلتورە نوێكان بگیرێت.
وتەبێژی ئاكپارتی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە "لەئەنجامدا ئێمە پێمانوایە كە بەڕێوەچوونی گشتپرسی لەهەرێمی كوردستان نە زۆر شیاوە و نە زۆر بەجێگەیە".
PM:04:09:07/02/2016