سبەی ٢/٩ ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوەو میدیاو خەڵکێکی زۆر چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە لیژنەی ئیدارەدانی قەیران پاشگەزبێتەوە لەو خشتەی موچەیەی کە هەفتەی رابردوو بڕیاری لەسەردا، بەڵام زانیارییەکانی پێچەوانەی ئەو پێشبینیە ئاشکرا دەکەن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەووتووە لە کۆبوونەوەی سبەینێدا کە بەسەرۆکایەتی لیژنەی ئیدارەدانی قەیران بەڕێوەدەچێت کە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکەن، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لەو خشتەیەدا ناکرێت کە رۆژی ٢/٣ ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر داوە.
سپی زانیوویەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت بەئاشکرا و راشکاوانە بە یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی بڵێت" مادام ئێوە هەر لەسەرەتاوە لە کۆبوونەوەکانی ئامادەکردنی ئەم خشتەیەی مووچەدا بەشداربوون ، بەرپرسیارێتی بەشداریکردنیشتان هەڵگرن".
بەپێی ئەو زانیاریانە، پارتی لە یەکێتیش نیگەرانە لەسەر لێدوانی بەرپرسانی یەکێتی کە هانی خەڵک دەدەن و لەگەڵ خشتەی مووچەکەدا نین، لەکاتێکدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی دۆسیەی دارایی لایەو لە وردو درشتی ئەو بڕیارانەدایە کەلەسەر مووچە دراون.
سپی زانیوویەتی کە هەردوولایەنی پارتی و یەکێتی نیگەرانن لەهەڵوێستەکانی یەکگرتوو و کۆمەڵ کە لەحکومەتدان و بەشداری هەموو کۆبوونەوەکانی ئەم قەیرانەو هەنگاوەکانی حکومەتن، بەڵام بەرپرسانی ئەو دوو حیزبە دژی ئەو هەنگاوانە و لیستی مووچە وەستاونەتەوە.
سەبارەت بە دەستکاری کردنی خشتەی مووچە لە کۆبوونەوەی سبەینێدا، سپی زانیویەتی کە ئەگەرەکان زۆر لاوازن بۆ دەستکاریکردنی مووچە، لەباشترین حاڵەتدا رەنگە دەستکارییەکی زۆر کەمی بڕینی مووچەی پلە نزمەکان بکرێت.
ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە کە لە دوای ئەو بڕیارەوە رۆژ بەرۆژ شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بەرفراونتر دەبن و تەنها لەناوچەکانی ئیدارەی کۆنی سلێمانیدا نەماوەتەوەو دوو رۆژە پەلیشی کێشاوە بۆ هەولێر.