لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا چی باس کرا؟

کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە رۆژی ٢/١١ لە سلێمانی بە بەشداری جێگرانی سکرتێر و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو ئەندامانی تر سازکرا، کۆمەڵێک پرسی گرنگ لەسەر سیاسەتی یەکێتی‌ و باری ژیانی خەڵک باسکراوە کە پێشتر لەو پرسانە باس نەکراون. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند "لە کۆبوونەوەیەی مەکتەبی سیاسیدا کۆمەڵێک پرسی گرنگ باسکراون، ئەگەر بچنە بواری جێبەجێکردنەوە دەبێتە مایەی رەزامەندی قاعیدەی یەکێتی و هاوڵاتیانیش".

هەروەها لەپرسی ژیانی خەڵک و باری خراپی داراییدا، باس لەگەڕانەوەی ئەو پارانە کراون کە براونەتە دەرەوە، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کار بۆ گەڕاندنەوەیان بکرێت.

لە پرسی نەوت و گازی سروشتیدا، لە کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا باس لەوە کراوە کە حکومەتی هەرێم و پارتی شەفاف بن و زانیارییەکانی ئەو دۆسیەیە بۆ هاوڵاتیان روونبکەنەوە.

بەپێی زانیارییەکان، یەکێتی هەوڵی جدی دەدات بۆ لادانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، د. ئاشتی هەورامی لەپۆستەکەی.

لەسەر پرسی ئاسایی کردنەوەی سیاسی و یاسایی، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەوە کراوە یەکێتی پرسی ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی پەرلەمانی کوردستان و حکومەت بکات بەپرسی سەرەکی و سازشی لەسەر نەکات.
سپی زانیاری لایە کە لەسەر خشتەی نوێی مووچە، لەو تەوەرەدا یەکێتی داوا دەکات هەرچی زووە حکومەتی هەرێم ئەو لیستە هەڵوەشێنێتەوە لەژێر ئەو بارە دەربچێت.

یەکێتی پێشنیاری ئەوەی کردووە کە لەگەل هەردوولایەنی پارتی و گۆڕاندا رێککەوتنی جیاوازو بۆ ئەرکی جیازاو ئەنجام بدەن.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەو بیرۆکانەی لەو کۆبوونەوەیەدا باسکراون کەس لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی دژی نەوەستاونەتەوە، وەک ئەو وتی" گرنگ جێبەجێکردنیەتی". 




PM:11:53:13/02/2016