لەسەر بەشداریکردنی کۆبوونەوە لەگەڵ بارزانی لەنێو یەکگرتوودا ناکۆکی هەیە

بەرپرسی سەرکردایەتی سلێمانی یەکگرتوو لێدوان دەدات کە بەشداری کۆبوونەوە ناکەن لەگەڵ بارزانی، وتەبێژێکی ئەو حیزبەش بە پێچەوانەوە لێدوان دەدات و دەڵێت بەشداری کۆبوونەوە دەکەین.

عومەر محەمەد ئەندامی سەرکردایەتی کە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكەشی لە دەڤەری سلێمانی دەكات لە بارەی بەشدارییان لە كۆبوونەوەی داهاتووی بارزانی لەگەڵ لایەنەكان تر بە باسنیوز راگەیاندووە "ئێمە لە كۆمیتەكە كشاینەوە ئەوكات هیچ مانا و پێویستییەك نامێنێتەوە بۆ ئەوەی بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە بكەین و لە كۆبوونەوەی داهاتووی بارزانی و لایەنەكان بەشداری ناكەین".

دوای کاتێکی کەم لەم لێدوانە، وتەبێژی یەکگرتوو لە رێگای ماڵپەڕی فەرمی حیزبەکەیانەوە ئەو هەواڵەی رەتکردەوە کەبەشداری کۆبوونەوەی بارزانی نەکەن و وەتەبێژێك لە ئەنجومەنی سەركردایەتی سەبارەت بەو هەواڵە بە كوردیوی راگەیاندووە"  ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هیچ بڕیارێكی لەمبارەوە نەداوە و ئەو دەنگۆیانە دوورە لە راستی".

ماڵپەرەکەی یەکگرتوو دەڵێت " ئەو وتەبێژە وتیشی ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە تەنها لە كۆمیتەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و ئاسایی كردنەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان كشاوەتەوەو ئەمەش لە بەرئەوەی ماوەی كۆمیتەكە خۆی تەواو بووە ، چونكە حەوت ڕۆژ بووە".

ح.ج
 
عومەر محەمەد ئەندامی سەرکردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند دوای بڕیاری كشانەوەیان لە كۆمیتەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و حكوومەت، بڕیاریان داوە بەشداری كۆبوونەوەی داهاتووی بارزانی و لایەنە سیاسییەكانیش نەكەن، ئاماژە بەوەش دەكات پێداگیری پارتی و گۆڕان لەسەر هەڵوێستەكانیان كارەكانیان راگرتووە.
 

عومەر محەمەد نوێنەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەو كۆمیتەیە گوتی "لە كۆبوونەوەی دوێنێ‌ بەرەسمی بڕیارمان دا لە كۆمیتەی بەگەڕخستنەوەی حكوومەت و پەرلەمان بكشێینەوە، هۆكارەكەشی بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێتەوە لەوانەش ئێمە داوامان كرد كە كۆمیتەكە دەسەڵاتی پێبدرێت و كاتەكەشی كە ماوەی هەفتەیەك بوو تێپەڕ نەكات، هەروەها هەستمان كرد ئیرادەیەكی بەهێز نییە بەتایبەتی لەلایەن پارتی و گۆڕانەوە، هەردوولا لەسەر بۆچوونەكانی خۆیان پێداگیرییان دەكرد".
 
عومەر محەمەد گوتی "ئێمە توانیمان هەردوولا بەیەك بگەیەنین و كەشێكی گفتوگۆ دەست پێبكاتەوە، بەڵام پێداگیری هەردوولا وای كرد كۆبوونەوەكان ئەنجامێكی ئەوتۆیان نەبێت، ئێمە هەنگاوێكمان نا و ئەو دوو لایەنەش دەتوانن خۆیان پێكەوە گفتوگۆ بكەن بەڵكو بگەن بە ئەنجامێكی باش".
 
عومەر محەمەد كە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكەی لە دەڤەری سلێمانی دەكات لە بارەی بەشدارییان لە كۆبوونەوەی داهاتووی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنەكان گوتی "ئێمە لە كۆمیتەكە كشاینەوە ئەوكات هیچ مانا و پێویستییەك نامێنێتەوە بۆ ئەوەی بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە بكەین و لە كۆبوونەوەی داهاتووی بارزانی و لایەنەكان بەشداری ناكەین".
 
ئەوەشی گوت "لە میانی سەردانی كۆمیتەكە بۆ لای لایەنەكان، گۆڕان پێداگری ئەوە دەكات پێش هەر كۆبوونەوەیەك دەبێت پەرلەمان دەست بەكاربێتەوە و دواتر قسە لەسەر گۆڕانكارییەكان بكرێت، لە بەرامبەردا پارتی بە پێچەوانەوە دەڵێ پێش دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان پێویستە لەسەر گۆڕانكارییەكان بگەینە رێكەوتن، ئەوەش جۆرێكە لە نەمانی متمانە لە نێوان هەردوولادا و ئەوەش وای كردووە كۆبوونەوەكان لەو قۆناغەدا ڕاوەستێ".
 

لە كۆبوونەوەی رۆژی 26ی مانگی رابردووی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، بڕیار درا بە پێكهێنانی كۆمیتەیەكی هاوبەش بەمەبەستی زەمینەسازكردن بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و حكوومەت و چارەسەركردنی پرسە جێناكۆكەكان.
 
ئەو كۆمیتەیە كە لەنوێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێكهاتبوون سەرەتای ئەم مانگە دەستی بەكارەكانی كرد و یەكەم كۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ئەنجام دا و دواتر سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كرد. 

 




PM:10:53:14/02/2016