ئایا بارزانی لەدەرەوە داوای دیداری لە نەوشیروان مستەفا کردووە؟

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رەتیدەكاتەوە كە مەسعود بارزانی لەسەردانەكەی بۆ دەرەوەی وڵات داوای دیداری لەگەڵ نەوشیروان مستەفا كردبێت‌و دەڵێت، گۆڕان دەبێت بزانێت پارتی کێیە و چۆن داواکاری دەکات.

پاش ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە کە مەسعود بارزانی لەکاتی سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا، سێ جار داوای کردووە دیدار لەگەڵ نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی گۆڕان ئەنجامبدات، بەرپرسێکی پارتیش ئەو دەنگۆیە ڕەت دەکاتەوە.  

نەجات حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو بارەیەوە بە ئێس ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە، گۆڕان بەردەوام هەر باسی رەتکردنەوە دەکەن، ئەوان دەبێت بزانن پارتی کێیە و مێژووەکەی چییە و چۆنیش داواکاری دەکات.

ئەو بەرپرسە ئاشکراشیکردووە، " ئەگەر لە لایەن پارتییەوە داواکارییەکیش هەبوبێت بەرژەوەندی باڵای نەتەوەکەمان وا فەرزدەکات لەسەری ئەو داواکارییە بکات، لە ئۆرگانەکانی گۆڕاندا باس لەوەکراوە بۆ چەند جارێک، فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی داوای چاوپێکەوتنی لەسەرکردەکانی گۆڕان کردووە، بەڵام ئەوان رەتیان کردووەتەوە، ئەمە راست نییە".

نەجات حەسەن، دەربارەی داوای بارزانی بۆ بینینی نەوشیروان مستەفا، ئەوەشی خستووەتەڕوو،" نەخێر داواکاری نەکردووە، ئەوە ئەو راگەیاندنەیە کە دەڵێت درۆ بە درۆ بکە، تا خەڵک باوەڕت پێدەکەن".




PM:01:21:16/02/2016