گۆڕان: پارتی پارەکانی لە بانکی کوردستان بۆ شوێنێكی نادیار گواستوەتەوە

بەپێی زانیارییەكانی پەرلەمانتارێكی گۆڕان سەرجەم  ئەو پارانەی پێشتر لەبانکی کوردستانی نێودەوڵەتی دانرابوون، بەرەو شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

فایەق مستەفا ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی  ڕاگەیاند:  بانکی کوردستان ئەو بانکەیە کە کۆی داھاتی ھەرێمی کوردستانی تێدا ھەڵدەگیرێت و دەشڵێت:" قاسەی حزبەو پڕە لەپارە، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە سەرپەرشتی دەکرێت".

 بانکی کوردستانی نێودەوڵەتی، بانکێکی ئەھلییەو بنکەی سەرەکیی لە شاری ھەولێرە، بەگوێرەی دەنگۆکانیش خاوەندارێتییەکەی بۆ بەرپرسێکی باڵای ھەرێم دەگەڕێتەوە.

لەبارەی ئامانجی گواستنەوەی پارەکانی بانکی کوردستانیش، فایەق مستەفا کە ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزەو سەرچاوە سروشتیەکانی پەرلەمانە، پێی وایە بۆ دروستبوونی ترس لەناڕەزایەتییەکان دەگەڕێتەوەو ئاماژە بەوەشدەکات کە ھەڵمەتێک بۆ گێڕانەوەی پارەی ژێرزەمینەکان و دەرەوەی وڵاتی بەرپرسانی کورد دەستیپێکردووە، ناڕەزایەتییەکانی خەڵکیش لەفراوانبووندان، جۆرێک لەترس لەلای بەرپرسان دروستبووە، بۆیە پارەکانیان بۆ شوێنێکی پارێزراوتر لەبانکی کوردستان دەگوزانەوە.
 
ئاشکراشیکرد: جگە لەوەی داھاتی نادیاری نەوتیش دەخرێتە ناو بانکی کوردستان، ئەو بانکە قازانجێکی زۆریش لەپرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی داھاتی نەوت لەدۆلارەوە بۆ دیناری عیراقی دەکات.




PM:02:46:19/02/2016