"زەوی‌و یان کۆمەڵگای نیشتەجێبوون دەدرێت بە مامۆستایان"

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند" زەوی‌و یان کۆمەڵگای نیشتەجێبوون دەدرێت بە مامۆستایان".

دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت‌و جێگرەکەی لەگەڵ بەشێک لە سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایان، وەزارەتی پەروەردە راگەیاندراوێک بڵاودەکاتەوەو کۆبوونەوەکە بە پۆزەتیڤ ناوزەد دەکات و بەڵێنی ئەوە دەدات بە مامۆستایان "لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا وادەی دابەشکردنی  نیو مووچەی مانگی ئەیلولی مامۆستایان دیاری دەکرێت".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "پێداچوونەوە بە خشتەی مووچەی فەرمانبەران بەگشتی دەکرێت و ناهێڵدرێت فەرمانبەر زەرەرمەند بێت".
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە "زەوی یا کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان دابین دەکرێت".

هەروەها وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم ئەوەشی ڕاگەیاندووە کەوا بڕوانامەکانی "کۆلێژی کراوە" کە ژمارەیان نزیکەی (٥٠٠) بڕوانامەیە، دانیان پێدا دەنرێت.

ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە کە مامۆستایانی دەڤەری سلێمانی و هەڵبجەو هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین بوونەتە دوو بەشەوە هەندێکیان بەردەوام دەبن لەسەر بایکۆتۆکردن، هەندێکی تریان کە لەیەكێتی مامۆستایاندا خۆی دەبینێتەوە لەگەڵ دەوامکردندان.




PM:07:39:22/02/2016