شوێنی 20 ملیار دۆلاری پاره‌ دزراوه‌كان دۆزرایه‌وه‌

وتەبێژی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت 20 ملیار دۆلاری پارە دزراوەکان دۆزراوەتەوە و لە هەوڵی گەڕاندنەوەیداین".

لە كۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق بڕیار درا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا بۆ گێڕانەوەی پارە ئاودیوكراوەكانی عێراق بۆ دەرەوە و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەیان.

عادل نوری وتەبێژی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ لەو بارەیەوە وتی: "دوای هەوڵ و كۆششێكی زۆری لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان و كۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانەی بە شێوەی ئاودیوكردن و سپیكردنەوە و دزین براونەتە دەرەوەی عێراق، لە ئەنجامدا گەشتینە ئەنجامێك بە دۆزینەوەی شوێنی بڕێك لەو پارە براوانە".

عادل نووری وتی: "لە وڵاتی لوبنان شوێنی شەش ملیار دۆلارمان دۆزیوەتەوە بە ژمارەی سەر 100 دۆلارییەكانیشەوە كە لە شوێنێكی نەشیاودا هەڵگیراون، لە ئێستادا ئەو كەسانە هەوڵ دەدەن بە ساغكردنەوەی ئەو برە پارە زۆرە و دەیانەوێت لە رێگای قاچاغ و سپیكردنەوەی پارە و گۆڕینەوەیەوە ئەو پارانە بشارنەوە".

وتەبێژەكەی دەستپاكی عێراق ئەوەشی وت: "لە ساڵی 2003 ەوە تائێستا بوودجەی گشتیی عێراق 850 ملیار دۆلار بووە، بەو هاوكارییە نێودەوڵەتییانەشی پێشكەشی عێراق كراوە دەگاتە زیاتر لە هەزار ملیار دۆلار كە بەو بڕە پارەیە دەتوانرێت عێراق لە بنەڕەتەوە وەك وڵاتێكی مۆدێرن و نوێ‌ بنیات بنرێتەوە ".

ئەو هەروەها وتی: "ئەو بڕە پارانەی كە لە ماوەی ئەو 13 ساڵەدا لەلایەن بەرپرسان و كەسانی ترەوە براونەتە دەرەوە دەگاتە زیاتر لە 200 ملیار دۆلار، بەڵام تائێستا تەنها شوێنی 20 ملیار دۆلارمان بۆ دۆزراوەتەوە كە شەش ملیاری لە یەك شوێندایە و 14 ملیارەكەی تریش لە شوێنی جیاجیا هەڵگیراون".

نوری ئاماژەی كرد بەوەی كە هەوڵ دەدەن لیژنە پێكهێنراوەكەی پەرلەمان لە وادەیەكی نزیكدا دەست بە كارەكانی بكات بۆ گێڕانەوەی پارە ئاودیوكراوەكان، بەوەش هاوكاری گەورەی عێراق دەكات لەم دۆخە داراییەی وڵاتەكەی گرتۆتەوە.




PM:04:06:23/02/2016