سەرۆکی پەرلەمان: بەم دۆخەی ئێستا ناگەینە سەربەخۆیی

د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان لە زانکۆی کامبرج کۆلیژی پێمبروک لە میانەی کۆڕێکی کراوەدا دەڵێت"بەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستانەوە مەحاڵە بتوانین بگەینە سەربەخۆیی، بۆیە هێزە سیاسیەکانی هەرێم بۆ ئەوەی بتوانن ئایندەیەکی باش بۆ کوردستان دابین بکەن، پێوەیستە پێکەوە هەماهەنگ بین."

سات ٨ی شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان،  زانکۆی کامبرج کۆڕێکی کراوەی بەناونیشانی(ئایندەی کوردستان) بۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سازکرد. کۆڕەکە تایبەت بوو بە خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا و بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆ. لەبەشێکی تری کۆڕەکەیدا، سەرۆکی پەرلەمان وتی " دەبێ هەمومان پێکەوە هاوکارو هاو هەڵوێست بین بۆ ئەوەی سود لەم بارودۆخە نوێیەی ناوچەکە وەرگرین.  ئەوەش لە کاراکردنی دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێمەوە دەبێت. لە رێی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و ئەنجامدانی ریفۆرم لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

لە کۆتایی دیدارەکەش، ئامادەبوان، چەندین پرسیاریان سەبارەت بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد.

پێش دەستپێکی کۆڕەکەی، سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن لورد کریس سمیس سەرۆکی کۆلیژی پێم بروک پێشوازی لێکرا، کە پێشتر پەرلەمانتار بریتانیا دواتریش وەزیری رۆشنبیری بریتانیا بوە لە کابینەکەی تۆنی بلێر.




PM:09:37:23/02/2016