قوباد تاڵەبانی: موچەخۆری بندیوارو دوو موچەیی ناهێڵین

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، رایگەیاند قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان كاتیە و بەدڵنیاییەوە لەم قەیرانە دەربازمان دەبێت.

پاش نیوەرۆی ئەمرۆ 28-2-2016 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی كرد لە وەفدێكی یەكێتی ئەوروپا بەسەرۆكایەتی پاتریت سیمۆنت باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە بەغداد و وەفدی یاوەری.
قوباد تاڵەبانی لەكۆبوونەوە لەگەڵ لە وەفدێكی یەكێتی ئەوروپا بەسەرۆكایەتی پاتریت سیمۆنت باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە بەغداد و وەفدی یاوەری، وتشیی: موچە خۆرانی هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی بەغدادەوە، موچەكانیان دواكەوتووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی تۆكمەی دارشتووە بە مەبەستی دەربازبوون لەو قەیرانەو دابین كردنی شایستە داراییەكانی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

 قوباد تاڵەبانی وتیشی: بەدڵنیاییەوە قەیرانی دارایی تێدەپەرێنین، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە چاكسازی و تەقەشوف و لە هەوڵدایە بۆ نەهێشتنی موچەخۆری بندیوار و دوو موچەیی."

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی  وەزیران ستایشی مامۆستایان و پزیشكان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی كرد كە سەرباری سەختی دۆخەكە لە كارەكانیان بەردەوامن كە ئەمەش نیشانەی هەست كردن بە بەرپرسیارێتی و دڵسۆزیانە بەرامبەر بە كوردستان.

سەبارەت بە شەفافیەت لە كەرتی نەوتدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: داوامان كردووە كۆمپانیایەكی متمانە پێكراوی نێودەوڵەتی بەشداربێت لەپرۆسەی  وردبینی لە كەرتی نەوتدا لە پێناو زیاتر شەفاف كردنی لە هەرێمی كوردستان.



PM:10:05:28/02/2016