هێزێکی پێشمەرگەی یەکێتی بە هاوکاری شەڕڤانانی یەپەگە ٣١ ئێزیدیان لە ناوچەی شدادیەو هۆل ڕزگارکردو بە سەلامەتی گەیەنرانە ناوچە ئازاد کراوەکان.
ئەحمەد شەنگالی وتەبێژی مەڵبەندی ١٥ ی شەنگال بە سپی راگەیاند" بەپێی پالانێکی داڕێژراو هێزێکی پێشمەرگەی یەکێتی بە هاوکاری شەڕڤانانی یەپەگە توانیان شەوی رابردوو لەناوچەیی هول و شەدادە ٣١ هاولآتی ئێزیدی بە پیاو و ژن و مناڵەوە لەدەستی داعش ڕزگار بکەن و، بیانگەیەننە شوێنێکی دووری شەڕ کە دەکەوێتە ژێر دەسەلآتی پێشمەرگە".
شەنگالی وتیشی " نەخشەی رزگارکردنی ئەو ئێزیدیانە دەمێکە لەلایەن مەڵبەندی شەنگالەوە داڕێژراوەو کاری لەسەر دەکرێت و، دوێنێ شەویش پلانەکە خرایە بواری جێبەجێکردنەوەو ئەو ٣١ کەسە ئازادکران".
سەبارەت بە چۆنێتی رزگارکردنی ئەو ٣١ هاولآتییە، محەمەد شەنگالی وتی" پرۆسەکە بێ تەقەکردن ئەنجامدراو ئەو هاولآتیانە بەبێ هیچ زیانێک رزگارکران".