"با پەرلەمانتار بچن لە بەردەم بارەگای سەرۆكی پارتی خێمە هەڵدەن"

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە مانگرتنی پەرلەمانتاران دەڵێت: با بچن لە بەردەم بارەگای سەرۆكی پارتی دیموكراتی  كوردستان خێمە هەڵدەن و لەوێ مانبگرن، حەل لەوێیە نەك لە هۆڵی پەناگیری پارلەمان.

 ئەندازیار عمر حاجی عنایت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان- گۆڕان لەوتارێكدا لەژێر ناوی "مانگرتن یان نمایشكردن؟" دەنوسێت: "بە بیانوی چالاككردنەوەی پارلەمان ژمارەیەك ئەندام پارلەمانی  بەڕێز لە بینای پارلەمان بە نیازن مانگرتن رابگەیەنن، من تێناگەم مان لە كێ دەگرن؟! لە كاتێكدا بە بانگەوازی دەستەی سەرۆكایەتی و ئامادەكردنی بەرنامەی كار، ئەكرێت پارلەمان دانیشتن بكات و بۆ یاسایی بوونی 56 ئەندام پێویستە، كەواتە ئەو مانگرتنە دژی ئیڕادەی خۆیانە. ئەگەر ئەم بەڕێزانە دەیانەوێ پارلەمان كارا بكرێتەوە با 56 ئەندام ئامادەی هۆڵی پارلەمانبن،  پارلەمان ئاوا دەكەوێتەوە سەر سكەی خۆی نەك بە مانگرتن.".

هەروەها دەڵێت "هاوڕێیان، مانی چی دەگرن؟! بۆچی دەگرن؟! لە كێی دەگرن؟! وەك ئەوە وایە نانەوا بۆ نان و قەساب بۆ گۆشت مان لەبەردەم دوكانەكانی خۆیاندا بگرن.

لەم هەرێمەی ئێمەدا شتێك نەماوە بەناوی پەرلەمان، ئەگەر بە رواڵەتیش هەبێت شكۆی شكا، كاتێك فاتیحە بۆ پارلەمان خوێنرا".

دەقی وتارەكە لـــــــــــــــــــــێرە بخوێنەرەوە




PM:03:02:08/03/2016