سبەی ٣/١٢ گەورەترین دامەزراوەی گۆڕان کۆدەبێتەوەو پرسی بوون بە ئۆپۆزسیۆن تاوتوێ دەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند جڤاتی نیشتمانی گۆڕان سبەی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا پرسی بوون بە ئۆپۆزسیۆن تاوتوێ دەکات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە لەو سەرچاوەیەوە، بزووتنەوەی گۆڕان بێ ئومێدبووە لە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی پەرلەمان و گەڕانەوەی وەزیرەکانی، ئەمە لە کاتێکیشدایە کە بارودۆخی ژیانی هاوڵاتیان رۆژ بەرۆژ خراپتر دەبێت، ئەم هۆکارانەش پاڵنەرن بۆئەوەی گۆڕان ئەلەویاتی خەباتی خۆی، لە گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و حکومەت، بگۆڕێت بۆ داواکردنی مافی هاوڵاتیان.
سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە سەقفی داواکاری گۆڕان بەرزدەبێتەوە لەسەر ئاستی پەرلەمان و حکومەت و گەڕاندنەوەی مەرجدار دەکات بە هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لەلایەن پەرلەمان و گەڕاندنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شەفافیەتی بواری نەوت و کۆمەڵێک داواکاری تر کە ئەو بزووتنەوەیە دوو هەفتە لەمەوبەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا بڵاویکردەوە.
ئەم هەنگاوەی گۆڕان لە کاتێکدایە کە هەموو ئەو هەوڵانەی دراوە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی پەرلەمان و گەڕاندنەوەی وەزیرەکان لەلایەن یەکێتی و یەکگرتووە لەبەردەم سازشنەکردنی پارتی دووچاری شکست بۆتەوە.
هەرچی گۆڕانە لەم ماوەیەی رابردوودا داوای کردووە بەبێ هیچ مەرجێک بارودۆخی پەرلەمان و حکومەت ئاسایی بکرێتەوە، هەرچی پارتیشە هەوڵی دەدا لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی نوێ سەرەتا لەگەڵ یەکێتی و دواتر لەگەڵ گۆڕان بارودۆخ ئاسایی بکرێتەوە.