ئەمەریكا بۆ ماوەی ساڵێك هەرێم لە مەترسی داڕمان دوور دەخاتەوە

ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا بڕی 500 ملیۆن دۆلار هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات تا لەم قەیرانی داراییەدا هاوكاری هەرێم بكات.

پەیمانگای واشنتۆن کە تایبەت بە سیاسەتە دەرەکییەکانی ئەمەریکا ئاشکرایکرد، ئەمەریکا تاوتوێی هاوکاریکردنی دارایی هەرێمی کوردستان دەکات و  بڕی ئەو هاوکارییە ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە و دەتوانێت بۆ ماوەی یەک ساڵ هەرێم لە مەترسی داڕمان دووری بخاته‌وه‌.

 پەیمانگاکە داوای ناوبژیوانی ئەمەریکا کردووە لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی، ئەو دەسکەوتانەشی خستووەتەوە ڕوو کە هەر یەک لە هەرێم و ئەمەریکا و بەغدا دەستیان دەکەوێت لە حاڵەتی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا.

دوێنێ، دوو شه‌ممه‌، عادل عه‌بدولمه‌هدی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند پەیوەندییەکانی هەرێم و ناوەند چونەتە ئاستێکی مەترسیدار و هەستیارەوە پێویستی بە گفتوگۆی جدی هەیە بۆ چارەسەرکردنیان.

عادل عەبدولمەهدی پێشنیازی ئەوە دەکات یان کار بە ڕێکەوتنی پێشوی هەرێم و بەغدا بکرێت کە هەرێم ڕۆژانە ٥٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە ڕەوانە بکات، یان بەپێی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم دەیداتە سۆمۆ حکومەتی عێراق پارە ڕەوانە هەرێم بکات.



PM:01:04:22/03/2016