مامۆستایانی هاوبەش داوای شكاندنی بایكۆت دەكەن

مامۆستایانی هاوبەش لە بەیاننامەیەدا داوا لە سەرجەم مامۆستایان دەكەن لە دوای پشووەکانی نەورۆزەوە کۆتایی بە بایکۆت بهێنن و بگەڕێنەوە ناو هۆڵەکانی خوێندن.

مامۆستایانی هاوبەش ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە، "بە هۆی کەمتەرخەمی و گوێنەگرتنی حکومەت بۆ داواکارییەکانی مامۆستایان و بێباکیان بەرامبەر بە پرۆسەی خوێندن و دوا ڕۆژی خوێندکارەکان، داوا لە مامۆستایان دەکەین و وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێـتی بەرامبەر بە پرۆسەی پەروەردە بایکۆت بشکێنن و بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن ئەو ماوەیەیی کە ماوە لەم ساڵدا تەواوی بکەن".

مامۆستایان هاوبەش وتووشیانە " ئەم داواکارییە پاشەکشە نیە لە داوا و مافەکانمان بەڵکو هەستکردنە بەو بەرپرسییارێتییەی کە حکومەت هەستی پێناکات، ئێمەی مامۆستایان بە کردەیی خەمخۆری خۆمان نیشان ئەدەین نەک بەدروشمی بریقەدار، ئێمەی مامۆستایان خەمی ئایندەی خەڵکی خۆمانە و لە فشارەکانیشمان بەردەوام دەبین".



PM:02:07:26/03/2016