هەڵوێستی نەوشیروان مستەفا لەسەر كێشەی باڵەكانی ناو یەكێتیی چیە؟
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا پێیوایە پاراستنی یەكگرتووی باڵەكانی ناو یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەم قۆناغەی ئێستەدا پێویستە.
سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو بزوتنەوەی گۆڕان بە سپی راگەیاند دوای بڵاوبوونەەوە چاوپێكەوتنەكەی كۆسرەت رەسوڵو وەڵامەكەی هێرۆ ئیبراهیم، دوێنی یەكشەممە 27/3، نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتیی بزوتنەوە گۆڕان لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قادری جاجی عەلیو عوسمانی حاجی مەحمودی ئاگادار كردوەتەو كە سەردانی كۆسرەت رەسوڵو هێرۆ ئیبراهیم بكەنو بەڕاشكاوانە بۆچوونی ئەوە بەوان بڵێن.
ئەو سەرچاوەیە كە نەویست ناوی ئاشكرا بكات وتی: زۆر بە روونی پەیامەكەی نەوشیران مستەفا ئەوە بووە كە ناكۆكییەكان توند مەكەنەوەو یەكگرتوویی یەكێتیی بپارێزن.
ئەوە سەرچاوەی ئەوەی رونكردوەوە كە نەوشیروان مستەفا پێیوایە لەبەرژەوەندی كوردستان نیە باڵێك لەباڵەكانی یەكێتی لابدات بە لای گۆڕانداو باڵەكەی تر لا بدات بەلای پارتیدا.
ئەو وتی: نەوشیروان مستەفا پێیوایە مانەوەی یەكێتیی بە یەكگرتوویی ئەتوانێت لەگەڵ گۆڕاندا جۆرە هاوسەنگییەك رابگرێت بەرامبەر بە پارتی لەكوردستاندا، بۆیە ئەو جەخت لەسەر یەكگرتوویی باڵەكانی ناو یەكێتی دەكاتەوە.
دوێنێ شەو هەریەك لەقادری حاجی عەلیو عوسمانی حاجی مەحمود، هەڵسوڕاوانی دیاری ناو بزوتنەوەی گۆڕان، سەردانی كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتییان كردوەوو ئەم پەیامەی نەوشیراوانیان پێگەیاندوە، هەروەها ئەم پەیامە بە هێرۆ ئیبراهیمیش دەگەیەنن.
PM:02:54:28/03/2016