هەڵوێستی كەناڵی پەیام لەسەر نەبوونی بێژەری ئافرەت لەكەناڵەیان

بەڕێوەبەری كەناڵی ئاسمانی پەیام، زمانحاڵی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رەتیدەكاتەوە رێگریی لەدەركەوتنی ژنانی بێژەر لە كەناڵەكەیان كرابێت.

پاش ئەوەی دەنگۆی ئەو بڵاوكرایەوە كە بەفەرمانێكی راستەوخۆی عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی "هیچ کچێک بۆی نییە وەک بێژەر لەسەر کەناڵی ئاسمانیی پەیام دەربکەوێت"، بەڕێوەبەری كەناڵەكە ئەو دەنگۆیە رەتدەكاتەوە. (زیاتر بخوێنەرەوە)

فاروق عەلی ئەحمەد، بەڕێوەبەری كەناڵی پەیام كە كەناڵەكەیان لەماوەی رابردوودا دەستی بەكاركردەوە، لەلێدوانێكدا بە سپی رایگەیاند: "ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە‌و مامۆستا عەلی باپیر بۆ خۆیشی بەردەوام جەختی لەسەر بەشداریی ژنان لەو جۆرە چالاكییانە كردوەتەوە".

وتیشی: لە ئێستاشدا ئێمە بێژەر‌و پێشكەشكاری ئافرەتمان هەیە كە لە هەفتەكانی داهاتوودا دەردەكەون لەكەناڵەكە.

سەبارەت بە نوسینێكی "شنۆ عەبدوڵا پێنجوێنی" هەڵسوڕاوی كۆمەڵی ئیسلامی كە لەتۆری كۆمەڵایەتی فەیسبوك رەخنەی لە بەشداری نەكردنی ژنان لە كەناڵی پەیام كردبوو، بەڕێوەبەری كەناڵەكە وتی: لەراستیدا نازانم ئەو نوسینە بۆ نوسراوە، چونكە ئێمە پێشتر داوامان لە شنۆ خان كردبوو وەك پێشكەشكار بەشداری كەناڵەكە بكات‌و خۆی وەك ئافرەتێك لەكەناڵەكەوە دەركەوێت.




PM:04:04:10/04/2016