تاڵەبانی بۆ پێشمەرگە داوای یارمەتی لەئەمەریكا دەكات

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكی داوای هاوكاری سەربازیی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دەكات.

قوباد تاڵەبانی لەسەردانێكیدا بۆ ئەمەریكا چەندین دیدار‌و كۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسان‌و كۆنگرێسمانەكانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدەن. ‌جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پلانی چاكسازی‌و هەنگاوەكانی روبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی بۆ بەرپرسانی ئەمەریكا روون دەكاتەوە، جگە لەوەش كۆمەكی ئەمەریكی بۆ هەرێمی كوردستان‌ تەوەرێكی تری كۆبونەوەكانی وەفدەكەی هەرێم دەبێت، بەتایبەت کۆمەکی سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە.

هەروەها لەمیانەی سەردانەكەدا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی كۆدەبێتەوە‌و بەشداریی چالاكییەكی وەرزی ئەم بانكە دەبێت.

هەروەها قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، رۆژی 14ی نیسان، لە سەنتەری وێڵسن لەواشنتۆن لە كۆڕێكدا وتەیەك پێشكەش دەكات بە ناونیشانی "لە داعشەوە تا دەگاتە دابەزینی نرخی نەوت" كە تێیدا تیشك دەخاتە سەر ئاستەنگەكانی بەردەم حكومەتی هەرێم. نانسی لیندبۆرگی سەرۆكی پەیمانگای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ ئاشتی كۆڕەكە پێشكەش دەكات‌و هێنری پاركینی بەرێوەبەری بەرنامەی خۆرهەڵاتی ناوین رێكیدەخات.

رۆژی هەینی 9 نیسانی 2016، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، قوباد تاڵەبانی بەیاوەریی وەفدێكی حكومەتی هەرێم كە پێكهاتبوون لە كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ‌، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم بە وەكالەت، ‌و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم، بەرەو ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا بەڕێ كەوت.

ئەم سەردانەی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كە دوابەدوای دیداری وەفدی باڵای هەرێمی كوردستان دێت لەگەڵ جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، لە بەغدا‌،  ئامانج لێی درێژەدان وپتەو كردنەوەی پەیوەندییە سیاسی‌و ئابوری‌و سەربازییە دووقۆڵیەكانە‌و گفتوگۆكردنە سەبارەت بە رەوشی هەنوكەیی‌.



PM:04:00:11/04/2016