"ئەگەر بارزانی داوا بكات سوپای ئیسرائیلو سعودیە دێنە هەرێم"
راوێژكارێكی مەسعود بارزانی دەڵێت: ئەمڕۆ بارزانی بخوازێت سبەینێ ئیسرائیل هێزی خۆی دێنێتە كوردستان و بەرامبەر ئێران رادەوەستێت و هێزی سعودیە ئەوەی ناویان ناوە (درع الشمال) دێتە هەولێرو بنكەو بارەگای خۆی لەچۆمان و حاجی ئۆمەران رێكدەخات.
ئەمڕۆ دووشەممە 11/4 گۆڤاری گوڵان چاوپێكەوتنێكی د.محەمەد ساڵح جومعە راوێژكاری مەسعود بارزانی بڵاوكردۆتەوەو لەسەر چەند تەوەرێكی هەنوكەیی گفتوگۆی كردووە.
لەبەشێكیدا لەبارەی كاتی هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێم و نزیكبوونەوەی لەشاری هەولێر رایگەیاندووە: ئەو كاتەی داعش هێرشی كردو لەهەولێر نزیكبۆوە، راشكاوانە ئیسرائیل بە باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكای وت، ئەگەر تۆ بڕیار نەدەیت، ئەوا ئیسرائیل بەفڕۆكەو سوپای خۆی بەرگری لەكوردستان دەكات، بۆیە ئۆباما رایگەیاند، "كوردستان هێڵی سوورە"، جەختیشی كردۆتەوە، هەموو جیهان گەیشتونەتە ئەو راستییەی ئەو سەركردانەی لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا وەك بارزانی سەركردایەتی دەكەن ژمارەیان زۆر كەمە.
لەبارەی ناردنی شاندی هەرێمی كوردستانیشەوە بۆ بەغدا، راوێژكارەكەی بارزانی رایگەیاندووە، ناردنی وەفدی كوردستان بۆ بەغدا لەبەر خاتری چاوی شیعە نییە، بەڵكو پیشاندانی نیاز پاكی كوردستانە بەرامبەر بە ئەمریكا، كورد دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ عیراقدا هەبێت لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی دەستووردا.
هەر لەو دیمانەیەی گۆڤارەكەدا راوێژكارەكەی مەسعود بارزانی گلەیی لەپارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كردووەو رایگەیاندووە، كاتێك ئەڵمانیا بڕیاریدا چەك بەكوردستان بدات، بەفەرمانی ئێران پەكەكە چەند ژنێكی كوردی ئێزیدی ناردە پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆئەوەی بڵێن چەك بەپێشمەرگە مەدەن، لەبەرئەوەی ئەو چەكانە دەدەنە داعش، حكومەتی توركیاش چەند ژنێكی ناردبوو تا چەك بە پێشمەرگە نەدەن، بەو بیانوەی بە پەكەكە دەدرێت، بەڵام ئەڵمانیا زانی كە هەردوو بابەتەكە بەپیلانی ئێران و توركیایە، بۆیە لەسایەی قارەمانێی پێشمەرگەو بە بەكارهێنانی ئەو چەكانە بەشێوەیەكی كارامە، توانیمان شنگال و كوردانی ئێزدی ئازاد بكەین.
PM:05:28:11/04/2016