مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی بڕیاری دا عادل نوری لە ریزەکانی فراکسیۆنی یەکگرتوو دووربخاتەوە، بەڵام هێشتا لەسەر دوورخستنەوەی لە ریزەکانی یەکگرتوو بڕیاری نەداوە.
عادل نوری کە یەکێکە لە پەرلەمانتارانی مانگرتووی عێراق و لەدەرەوەی کۆدەنگی کوردی کاردەکات، مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی لە روونکردنەوەیەکدا لە فراکسیۆنەکەیان لەبەغدا دووری خستەوە، بەڵام سەبارەت بە دوورخستنەوەی لە ریزەکانی یەکگرتوو ئەو بڕیارە دەسپێرن بە سەرکردایەتی حیزبەکەیان.
ئەمەی خوارەوە دەقی ڕونكردنەوەكەیە:
بڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، سەبارەت بە هەڵوێستی بەڕێز عادل نوری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو.
لە چوارچێوەی ئەو پێشهاتە سیاسیانەی لە بەغدا روودەدەن و مانگرتنی ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران، كە خۆشبەختانە لایەنە كوردیەكان بە یەك هەڵوێست مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، دوای ئەوەی چەند جارێك بەڕێز عادل نوری ئاگاداركرایەوە لەسەر كشانەوەی لە ڕیزی پەرلەمانتارە مانگرتووەكاندا و بگەڕێتەوە بۆ نێو فراكسیۆنە كوردستانیەكان و هاوكات پابەندبێت بە سیاسەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بەڵام بەداخەوە بەڕێزیان هیچ پابەندیەكی نەنواند، بۆیە بڕیارماندا بە دورخستنەوەی بەڕێزیان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، سەبارەت بە مانەوەیان لە ڕیزەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، دواتر لەوبارەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاری لەبارەوە دەدات.
مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان