نێچیرڤان بارزانی بەنهێنی سەردانی ئێران دەکات

‌فۆتۆ.. ئەرشیف
نێچیرڤان بارزانی لەسەرەتای ئەم مانگەدا بە نهێنی سەردانی ئێران دەکات‌و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

دوای سەردانەکەی وەفدی کوردی بۆ بەغداو پاشان چوونی نێچیرڤان بارزانی بە تەنها بۆ تورکیاو بینینی سەرۆکی تورکیا تەیب ئۆردوغان، نێچیرڤان بارزانی بە نهێنی سەردانی تاران دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ دوو مەبەستی سەرەکی بووە، لەلایەکەوە بۆ چاککردنی پەیوەندیەکانی پارتی و حکومەتی ئێران بووە کە لەساڵی پارەوە پاشئەوەی بەهاندان و پلانی پارتی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات بۆ ئەنجامدانی چالاکی نێردراون بۆ سەرسنوور و لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە جێگیرکران، ئەم هەنگاوەی پارتیش پەیوەندیەکانی ئەو وڵاتەی لەگەڵ پارتیدا بەرەو ساردی برد، نێچیرڤان بارزانی ئەم سەردانەی بۆ چاککردنی ئەو پەیوەندیانە بووە.


لە لایەکی تریشەوە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی ئامادەسازی بووە بۆ سەردانێکی مەسعود بارزانی بۆ وڵاتی ئێران و زەمینە سازی بووە بۆ ئەوەی بارزانی لەبەرزترین ئاستدا لەو وڵاتە پێشوازی لێبکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، دوای ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی بە نهێنی بۆ کۆماری ئسیلامی ئێران، ئێستا پەیوەندیەکانی ئەو وڵاتەو پارتی لە باشترین حاڵەتدایەو بەم نزیکانە مەسعود بارزانی سەردانی ئەو وڵاتە دەکات و لە ئاستێکی باڵادا پێشوازی لێدەکرێت.  




PM:09:22:23/04/2016