هێزی پێشمەرگە لە گوێر داعشی تێكشاند
لەشەڕەكەی ئەمرۆ میحوەری گوێر هێزی پێشمەرگەی كوردستان زیانێكی زۆر بە چەكدارانی داعش گەیاندوەو زیاتر لە 10 كیلۆمەتر پێشڕوی كردوە.
لەمبارەوە قادر قادر، بەرپرسی میحوەری گوێڕی هێزی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە لە نزیک گوندی ئەبو شیتەوە بە ئاراستەی زێی گوێڕ زیاتر لە 10 کیلۆمەتر پێشڕەوییان کردووە.
بەگوتەی بەرپرسی میحوەری گوێڕی هێزی پێشمەرگە، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان زیاتر لە 8 جار پێگەکانی داعشیان لە گوندی ئەبزەخ بۆردوومانکردوون.
داعش ماوەی چوار رۆژە بەردەوام هێرشدەكاتە سەر پێشمەرگە، رۆژی سێشەممە 3-5-2016، داعش سوودی لە تاریک و روونی بەرەبەیان وەرگرت و، بەدرێژایی نزیكەی 100 كیلۆمەتر بە خۆكوژ، چەكی قوڕس و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو لە میحوەرەکانی مەخموور، گوێر، خازر، باشیك، وەردەک، بادۆش، ناوەران و تلسقۆف هێرشیكردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە.
هەروەها رۆژی چوارشەممە داعش لە تەلەعفەر هێرشیكرد، بەڵام پێشمەرگە بەبێ زیان هێرشەكەی تێكشكاند، لە ناحیەی تلسقۆفیش كە دوێنێ سێشەممە لەگەڵ دوو گوند ماوەیەك كەوتنە دەست داعش، دوای شەو و رۆژێك 12 چەكداری ئەو گرووپە ئاشكرابوون و لەوێ خۆیان حەشاردابوو، پێكدادان دروستبوو، یەكیان خۆی تەقاندەوە و عەقیدێكی پێشمەرگەی شەهیدكرد، دووشیان خۆیان رادەست كرد، 9 چەكدارەكەی دیكەش كوژران.
لە شەڕی ئەمڕۆ و دوێنێدا، جگە لەوەی سەربازێكی ئەمریكی كوژرا، 11 پێشمەرگە شەهید و 25 ی دیكە برینداربوون، هەروەها 10 ئۆتۆمبێلی پێشمەرگە تەقێندرانەوە، 2 گوند و ناحیەی تلسقۆف کەوتنە دەست داعش، بەڵام دوای چەند كاژێرێك شەڕ كۆنترۆڵكرانەوە. لەبەرامبەردا زیانەكانی داعش بریتبوون لە 100 كوژراو و 50 بریندار، بە هاوكاری فڕۆكەكانی هاوپەیمانانیش پێشمەرگە 42 ئۆتۆمبێلی لێ تەقاندنەوە.
PM:04:39:04/05/2016