فەرمانی گرتنی سۆران عومەر دەركرا

بەوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامیی  دەرکراوە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە ناچێتە بەردەم دادگا.

لە وەڵامی ئەو قسانەدا کە سۆران عومەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، بەهۆی کوژرانی بارزان ڕەشید، قوتابیی زانکۆی جیهان، لەبارەی دۆخی تەناهیی شاری هەولێرەوە دەیکات، ئەمڕۆ چوارشەممە 11\5\2016، لیوا عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: ”کەسێکی وەکوو سۆران عومەر دێتە سەر تەلەفزیۆن و لە درۆ زیاتر هیچی دیکەی نەگوتووە، زۆر سەیرە ئەو پیاوە، باران نابارێت لێدوان دەدات، تاوانبار ڕادەکات لێدوان دەدات، بەرشەلۆنە دەدۆڕێ و دەباتەوە، لێدوان دەدات، بودجە نایەت، لێدوان دەدات، نازانم ئەو پسپۆڕییەکەی چییە؟ پێویستە ببێتە سۆران جۆکەر، چونکە لە هەموو قسەیەک ناوی هەیە".

 بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد: ”سۆران عومەر بڕیاری دەستگیرکردنی لای ئێمە هەیە و دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکردووە، چەندین جار ئاگادارمان کردووەتەوە، کەچی ئامادە نییە بێتە بەردەم دادگا". گوتیشی: ”سۆران عومەر و جەمال خەیلانی کە بکوژی بارزان ڕەشیدە، لەم قۆناغەدا لەبەردەم یاسا هیچ جیاوازییەکیان نییە، تەنیا جیاوازییەکە ئەوەیە کە پەرلەمانتارەکە لە پێش چاومانە و ڕێزی لێ دەگرین، لەبەر ئەوەی ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام ئەوەی دیکە ڕایکردووە و لەپێش چاومان نییە".

 ڕوونیشی کردەوە کە دەستگیرنەکردنی سۆران عومەر، پەیوەندیی بە پارێزبەندیی پەرلەمانییەوە هەیە، ئەوەشی نەشاردەوە کە 2 یان 3 جار نووسراویان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردووە، تاوەکوو ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامی بچێتە بەردەم دادگا، بەڵام ئەو ئامادە نەبووە.

لیوای پۆلیس عەبدولخالق تەلعەت، سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵ، دووپاتی کردەوە: ”سۆران عومەر و دەیانی وەکو سۆران عومەر، وا نیشانی خەڵک دەدەن کە هەولێر شارێکە کەس ناتوانێت تێیدا بژی، بەڵام وا نییە، تا خەڵک مومارەسەی ژیان بکات، تاوانیش ڕوو دەدات، دوێنێ لە میونشن لە ئەڵمانیا 4 کەس درانە بەر چەقۆ، بەڵام بۆ لە کوردستان تاوان دەکرێتە مەرامی سیاسی و وڵاتەکەمانی پێ ناشرین دەکەن؟".

 ئەوەشی نەشاردەوە کە پێشتر چەندین جار داوای لە سۆران عومەر کردووە، ”واز لەو فرمێسکە تیمساحییانە بهێنێت و بۆ ئەو پێشمەرگانە بگریت کە لە سەنگەرەکان شەهید دەبن و ئەو بۆ یەک جاریش باسیان ناکات"، بەڵام گوێی بە داواکەی نەداوە.




PM:09:31:11/05/2016