لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیو ئەندامی لێژنەی دارشتنی رێكەوتنامەی سیاسی لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆران تەئكیدی لەوە كردەوە كەوا" هیچ ئەندامێكی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی دژی رێكەوتنامەكە نەبونەو، رێكەوتنەكە بەكۆی دەنگ پەسند كراوە".
ئەم لیدوانەی ئەسەسەرد لەكاتێكدایە كە هەندێ سایتو دەزگای هەواڵ باسیان لەوە كردوە كەوا پێنج لەئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی دژی رێكەوتنەكە بونەو، ناوی هەر یەك لە مەلا بەختیار و ئەرسەلان بایز و ئازاد جوندیانی و دكتۆر خەسرە و گوڵ محمەد و حەمەی حەمە سەعید هاتوە، بەڵام ئەو ئەندامەی سەركردایەتی لەلێدوانیكدا بۆ سایتی" سارا برێس" ی عەرەبی كە لەسلێمانی پەخش ئەكرێت رونكردنەوەی داو وتی" دو كۆبونەوە كرا بۆ دەنگدان لەسەر رێكەوتنە سیاسیەكەی یەكێتی و گۆڕان.
كۆبونەوەی یەكەم سەر لەبەیانی بو كە رێكەوتنامەكە بەكۆی دەنگ و بەبێ هیچ ئیعترازێك پەسندكرا، بەمەش سەرجەم ئەندامانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ رێكەوتنەكە بون، بەڵام هەر لەو كۆبونەوەیەدا هەندێ لەهەڤاڵان تێبینیان هەبو لەسەر تەنها یەك برگەی رێكەوتنەكە، بۆیە بریار درا دوای پەسندكردنی رێكەوتنەكە بە كۆی دەنگ، كۆبونەوەیەكی تر بكرێت، ئەوە بو ئێوارەی هەمان رۆژ بۆ تاوتێكردنی تێبینیەكان كۆبونەوەیەكی ترمان سازكرد وباسمان لەتێبینی ئەو هەڤاڵانە كردو رێكەوتنەكە تێپەڕی".
لەبارەی ناوەكانەوە ئەسەسەرد رونیكردەوە" ئەوانەی تێبینیان هەبو لەسەر برگەكەی رێكەوتنەكە هەر یەك لە بەرێزان مەلا بەختیارو ئارسەلان بایزو ئازاد جوندیانی و حەمەی حەمە سەعید بون، ئەو تێبینایەشیان موناقەشەكران، بەمەش هیچ كەسێك دژی رێكەوتنەكە نەبوە تەنها تێبینی هەبوە".
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی كەناوی دكتۆر خەسرەو گوڵ محمەدیش لەگەڵ ئەم ناوانەدا هاتوە، ئەسەسەر دوپاتیكردەوە" كەوا دكتۆر خەسرەو بەهیچ شێوەیەك هەڵوێستی دژی نەبوە بەرامبەر ئەم رێكەوتنە،ئەو لەهەردو كۆبونەوەی یەكەمو دوەمدا بەشدار بوەو لەهەردوكیشیان لەگەڵ تەواوی رێكەوتنەكە بوەو دەنگی پێداوە، ناوی ئەو بەناهەق خراوەتە پاڵ ناوەكانی ترەوە".
بەپێی زانیاریەكان ئەو مادەیەی كە بوەتە جیی مشتومری ئەم ئەندامانەی سەركردایەتی یەكێتی پەیوەندی بەو بڕگەوە هەیە كە باس لەهاوپەیمانی هەردو لایەن ئەكات لەسەر ئاستی پەرلەمانو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەنجومەنی پاریزگاكان كە بەمادەی" ئیئتلافی كوتلە كوردستانیەكانەوە" ناسراوە.