وەڵامی نەقیبی رۆژنامەنوسانی كوردستان دەدرێتەوە

لیستی سەوزی یەكێتی لە سەندیكای رۆژنامەنوسان وەڵامی نەقیبی رۆژنامەنوسان دەداتەوە‌و دەنوسێت كێ دەیەویچت هەرێمەكە دوو لەت بكات؟

دەقی نوسراوەكە:

لەوەڵامی نەقیبی رۆژنامەنووساندا
لیستی سەوزی یەكێتی لەسەندیكای رۆژنامەنووسان: كێ لەخەمی یەكگرتنەوەو كێش دەیەوێت هەرێمەكە دوولەت بكات؟؟
 لەوەڵام بەو لێدوانەی نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان كە وتبووی گوایە (میدیاكانی ی.ن.ك دەستەواژەی دوو ئیدارەیی بەكار دەهێنێن)!!
ئێمە لەفراكسیۆنی سەوزی ئەو سەندیكایە ئەم لێدوانە ڕەت دەكەینەوە، ئەوەش بەبیری جەماوەری كوردستان و میدیاكاران دەخەیەنەوە كە سەرهەڵدانی دوو ئیدارەیی لەساڵی 1996 ەوە دروست بوو، ئەوەش ئێمە بووین كە هەوڵی سڕینەوەی دوو ئیدارەییمان داو كارمان بۆ كرد، لە رابردوو و ئێستاو لەداهاتووشدا بە توندی دژی دەوەستینەوە .
واباشە نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان پێش ئێمە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی خۆی ئاگادار بكاتەوە لەو جۆرە راگەیاندن و ئەو كەسانەی بانگەشە بۆ دوو ئیدارەیی دەكەن رایان بگرێت، ئامادەشین ئەرشیفی چەند ساڵەی رابردووی كەناڵ و راگەیاندنەكانی هەردوولامان بەراورد بكەین تا بزانین كێ لەگەڵ دوو ئیدارەیی بوەو كێش دژی بووە..
میدیاكانی ی.ن.ك ناسراون بەدەستەبەركردنی ئازادی بۆ رۆژنامەنووسانیان كە لە كوردستان نمونەیەكی جوانیان پێشكەش كردوە، بەڵام سەیرو سەمەرە لەوەدایە نەقیبی رۆژنامەنووسان لێرەدا لەبیری چووە ئەو نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستانە، نەك وتەبێژی حزبەكەی .
لیستی سەوز ئامادەیە لەئەنجومەنی سەندیكا ئەم بابەت و جۆرە لێدوانانە گفتوگۆ بكات و ئەنجومەنی سەندیكا بەكاری خۆی هەستێت، نەك بەمەرامی سیاسی لێرەولەوێ لێدوانی وەها بدرێت كە خزمەت بە دۆزی كوردو خەڵكی كوردستان ناكات.
 
لیستی سەوزی یەكێتی
لەسەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان
24/5/2016






PM:02:53:24/05/2016