"یەکێتی پێشوازی لە ئەدهەم بارزانی دەکات و گۆڕان بایکۆتی دەکات"

وەفدێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی سەردانی ئەدهەم بارزانی دەکات و گۆڕانیش بایکۆتی دەکات.

وا بڕیارە بەم نزیکانە وەفدێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە مەبەستی پێشوازیکردن لە ئەدهەم بارزانی بەرپرسی نوێی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لەسلێمانی، سەردانی ئەو حیزبە بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" یەکێتی چەند رۆژێکە لە هەوڵدایە لەگەڵ گۆڕان تا لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوولا لە چوار ئەندام پێکبێت سەردانی بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی بکەن بە مەبەستی بەخێرهاتنی ئەدهەم بارزانی، بەلآم گۆڕان جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەوان ناچن بۆ پێشوازی ئەو بەرپرسە نوێیەی پارتی".

بە پێی بۆچوونی سەرچاوەکەی سپی، هۆکاری نەچوونی وەفدی گۆڕان بۆ لای ئەدهەم بارزانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڵوێستانەی پارتی لە دەرکردنی وەزیرەکان و رێگاگرتن لە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەولێر.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە مادام گۆڕان " غیر مرحب " بێت لە هەولێر لەلایەن پارتیەوە، ئەوا پارتیش " غیر مرحب "دەبێت لە سلێمانی.

پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا وەفدی یەکێتی بەتەنها بێ گۆڕان، سەردانی ئەدهەم بارزانی بکەن بە مەبەستی پێشوازیکردن کە پۆستی بەرپرسیارێتی ئەندجومەنی سەرکردایەتی ئەو حیزبەی لەدەڤەری سلێمانی پێ سپێردراوە. 




PM:11:37:30/05/2016