کادیرێکی پارتی: پارتی لەبەرەی ئیخوانەکانە

راگەیاندکارێکی دیاری پارتی دەڵیت" روانگای سیاسی و ستراتیژیی یەكگرتوو پتر لە پارتی نزیكترەو، پارتیش لە بەرەی ئیخوانەكاندایە، نەك كۆمەڵ."

رێبوار کەریم وەلی راگەیاندکاری دیاری پارتی لە وتارێک بەناونیشانی " کێ محەمەد فەرەجی لابرد؟" کە لە رووداو بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات سیاسەتی و ستراتیژی یەکگرتوو لە پارتی نزیکترە تا کۆمەڵ و پارتیش لە خەتی ئیخوانەکانە". ( ئاماژەیە بۆ تورکیاو ئاکپارتی).

لەسەر چالاککردنەوەی پەرلەمانیش ئەو راگەیاندکارە دەڵێت" پڕۆسەی سیاسی و چارەنووسی میللەتی كورد لە كوردستانی باشوور، خراوەتە گرەوی گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەی یوسف محەممەد بۆ پەرلەمانی كوردستان. بە واتایەكی دیكە سەربەخۆیی كوردستان كە دەیان ساڵە بە هەزاران قوربانیی بۆ دراوە، وەكو سەفقەیەكی سیاسی لێكراوە كە بە مەرجێك بەرامبەرەكانی پارتی لەگەڵ ریفراندۆمدا دەبن، وەزعەكە بگەڕێندرێتەوە بۆ پێش 12/10/2015".

ناوبراو دەشڵێت" هەر لەو رۆژەوەی كە مشتومڕ لەسەر مەسەلەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان سەریهەڵداوە، گۆڕان و یەكێتی پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەن كە مەسەلەكە شەخسی بارزانی نییە و گۆڕینی سیستەمە. بۆیە ئەگەر وایە نابێ پێداگیریش لەسەر گەڕانەوەی شەخسی یوسف محەممەد بكەن!".
وەلی پێیوایە  "ئەو قەیرانەی ئێستا دروست بووە، بەشێكی زۆری لە ئەستۆی ئەوە و بۆ ئەوەش دەتوانێ بە دەست لەكار كێشانەوەیەك، بەشێكی زۆری ئەو قەیرانە چارەسەر بكات. هەرچۆنێك بێت، یەكێتی، گۆڕان و پارتی لەسەر سیغەیەك بۆ لابردنی یوسف محەممەد رێكدەكەون. جا بۆ ئەو سەروەرییە بۆ خۆی تۆمار ناكات و بە ئیستیقالەكەی بچێتە ناو مێژووەوە؟". 




AM:12:57:31/05/2016