یەکێک لەهەرە ئیسلامییە رۆشنفیکرەکانی کورد کۆچی دوایی کرد

‌پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی
شەوی رابردوو پرۆفیسۆرو کەسایەتی دیاری کوردو جیهانی ئیسلامی مستەفا زەڵمی کۆچی دوایی کرد.

رێدار ئەحمەد بەڕێوەبەری کارەکانی پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی بە سپی راگەیاند " شەوی رابردوو  لە یه‌كێك له‌ نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا پرۆفیسۆر و دکتۆر مستەفا زەڵمی کۆچی دوایی کرد".

پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی بە یەکێک لە زانا ئاینییە ناسراوەکانی کوردو جیهان دەناسرێت خاوەنی زیاتر لە ٥٠ کتێبەو بە کەسایەتیەکی رۆشنگەرو بیرفراوانی ئیسلامی دادەنرێت و چەندان ناونیشانی زانستی وەرگرتووەو  یارمەتیەکی زۆر یاسادەنەران و پەرلەمانی کوردستانی لەخوولەکانی پێشوو ئەم خولەدا داوە لە داڕشتنی ئەو یاسایانەی پەیوەندیان بە شەریعەوە هەیە.

لەساڵی ١٩٢٤ لە گوندی زەڵمی ھەورامان سەر بە پارێزگای سلێمانی لە دایک بووە. ساڵی ١٩٤٦ لە کۆیە خوێندنی ئاینی تەواوکردووەو ساڵی ١٩٦٥ بەکالۆریۆسی لە یاسا لە زانکۆیبەغدا بەدەستھێناوە. ساڵی ١٩٦٩ ماستەری لە شەریعە لە زانکۆی بەغدا بەدەستھێناوە. ساڵی ١٩٧١ ماستەری وەرگرتووە لە فیقھی بەراوردکاری لە زانکۆی ئەزھەر. ساڵی ١٩٧٣ ماستەری لە یاسا ھێناوەتەوە لە زانکۆی قاھیرە. ساڵی ١٩٧٥ دکتۆرای لە فیقھی بەراوردکاری وەرگرتووە لە زانکۆی ئەزھەر بە پلەی شەرەف. ساڵی ٢٠٠٥ دکتۆرای دووەمی لە یاسا لە زانکۆی بەغدا وەرگرتووە بە پلەی ئیمتیاز. 




AM:09:38:04/06/2016