گۆڕان: پێمانباشە نەوشیروان مستەفا جێگەی تاڵەبانی بگرێتەوە
هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، پێیانباشە ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان شوێنی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بگرێتەوە و ئەوەش بۆ ئایندەی کوردستان زۆر باش دەبێت.
ساڵح ژاژڵەیی ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە لێدوانێکیدا بۆ سایتی مەڵبەندی یەکی یەکێتی ڕایگەیاندووە، بۆچوونێک لە ئارادایە کە نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، ببێتە سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و جێگەی جەلال تاڵەبانی سکرتێری ئێستای ئەو حیزبە بگرێتەوە.
ژاژڵەیی ئاماژەی داوە بەوەی، ئەو هەنگاوە کارێکی گرنگە بۆ زیاتر لێک نزیککردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و نەهێشتنی ناکۆکیی نێوان هەردوولا.
ناوبراو هەروەها وتوێتی، ئەگەر هەموو لایەنەکان کۆک بن لەسەر دانانی نەوشیروان مستەفا بۆ پۆستی سکرتێری گشتیی یەکێتی، ئەوا شتێکی زۆر باش دەبێت بۆ ئایندەی کوردستان.
PM:05:14:04/06/2016