کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی ویەکێتی کە لەهەولێر سازدەکرێت، لەسەر داوای یەکێتی بووە.
مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "سبەی لەسەر داوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ یەكێتی كۆ دەبینەوە و باس لە دۆخی سیاسیی ئێستای ھەرێمی كوردستان دەكەین".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی بۆ ئەو ماڵپەڕەی پارتی ئاشكراشی كردووە" شاندی پارتی بە سەرپەرستیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و ھەر یەكە لە فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی و د. رۆژ نووری شاوەیس و ئازاد بەرواری و مەحموود محەمەد، ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی لە شاندی پارتیدا دەبن".
هەفتەی رابردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوونەوەو دوو لیژنەی پێکهێنا، یەکێکیان ئەو ئەندامانەن دەبن بە ئەندامی لیژنەی سەرکردایەتی هاوبەشی نێوان گۆڕان و یەکێتی، دووەمیشیان کە پێکدێن لە كۆسرەت رەسووڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بێت و ھەر یەكە لە مەلا بەختیار، عەدنان موفتی، عومەر فەتاح و عەدنانی حەمەی مینا ئەو لیژنەیەن لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە.
پێشتر بە گوێرەی رێكکەوتنی نێوان یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان بڕیار بوو شاندێكی ھاوبەشی یەكێتی و گۆڕان سەردانی لایەنەكان بكەن، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان ڕەتی كردەوە لەگەڵ شاندی ھاوبەشی ئەو دوو لایەنە كۆ ببێتەوە و ڕای گەیاند؛ ئامادەن بە جیا لەگەڵ ھەردوولا دابنیشن.
ئەمە لەکاتێکدایە هەندێک زانیاری نا فەرمی لە مەکتەبی سیاسی یەکێتییە بلآوکراونەتەوە کە سبەی یەکێتی لەو کۆبوونەوەیەدا روونکردنەوە لەسەر رێککەوتنی خۆیان و گۆڕان بۆ پارتی دەدات و ئەو رەخنانەش دەخاتە روو کە یەکێتی لە پارتی هەیە.