سه‌ركردایه‌تی‌ هاوبه‌شی‌ یه‌كێتی‌و گۆڕان‌‌ راگەیەنراوێك بڵاودەكەنەوە

كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان كە لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو، كۆتایهات.

لەكۆتایی كۆبوونەوەكە راگەیەنراوێك بڵاوكرایەوە کە تێدا هاتووە:

ئەندامانی سەركردایەتی هاوبەش تاوتوێی كۆمەڵێك بابەت و پرسی گرنگی پەیوەست بە بارودۆخی كوردستان و عیراق و ناوچەكە كرد، هەروەها دانانی رێوشوێن و میكانیزامی راپەراندنی ئەرك و كارەكانی سەركردایەتی هاوبەش تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو و لەمبارەیەوە بڕیاری پێویست وەرگیرا:

یەكەم : بڕیاردرا سەركردایەتی هاوبەش بەشێوەیەكی دەوری كۆببێتەوەو كۆمەڵێك میكانیزم و رێكاری كاركردن دیاریكراو چەند لیژنەیەكی هاوبەشیش پێكهێنرا بۆ جێبەجێ‌ كردنی مادەو بڕگەكانی رێكەوتنامەی سیاسی هاوبەشی یەكێتی- گۆڕان.

دووەم: تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە چارەسەركردنی كێشەكانی بژێوی خەڵك و باشتركردنی لایەنی ئابوری هاووڵاتیان بوو.

سێیەم: جەختكرایەوە لەسەر پاراستنی یەكریزی نێوماڵی كوردو یەكپارچەیی گەل و خاكی كوردستان  و سڕینەوەی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی.

چوارەم: سووربوون لەسەر بەدامەزراوەیی كردنی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە و رێكەوتنی لایەنەكان.

پێنجەم:جەختكرایەوە لەسەر یەكخستنی هەوڵەكان بۆ تێپەراندنی هەموو ئەو كێشانەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانیان گرتووە،  لەسەر بنەمای دیالۆگ و رێككەوتنی هەموو لایەنە سیاسیەكان و خۆسازدان بۆ هەموو ئەو پێشهات و ئەگەرانەی رووبەرووی كوردستان دەبنەوە.

شەشەم: پێداگری كردن لەسەر مافی چارەنووس و ئەنجامدانی ریفراندۆم  و راگەیاندنی سەربەخۆیی. بڕیاردرا ئامادەكاریان بۆ بكرێ‌ و لەكاتی گونجاودا بەدیبهێنرێت.

حەوتەم: كەركوك بەشێكی دانەبڕاوە لەهەرێمی كوردستان و بەڕەچاوكردنی تایبەتمەندێتی پێكهاتەكانی. لەم رووەوە هەموو هەوڵێك بۆ دروستكردنی هەرێمی سەربەخۆ بۆ كەركوك رەتدەكەینەوە.

سەركردایەتی هاوبەشی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان




PM:01:40:14/06/2016