" ماوەی ساڵێکە هیچ کوردێک پەیوەندی بە داعشەوە نەکردووە"

‌مەلا شوان و دکتۆرێکی کوردی ناو داعش
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف ‌و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم رایگەیاند" ساڵێك دەبێت هیچ گەنجێكی كورد لەهەرێمی كوردستانەوە نەچۆتە ناو ریزەكانی گروپە چەكدارەكانی داعش".

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ راگەیاند" لەسەرەتای سەرهەڵدانی گروپە چەكدارەكانی داعش (500) گەنج لەهەرێمەوە چوونەتە نێو ڕێزی داعش ‌و لەو ژمارەیەشدا (300) كەسیان كوژراون".

لەدرێژەی لێدوانەکەیدا نەقشبەندی دەڵێت" نزیكەی ساڵێكە هیچ گەنجێكی كورد لەهەرێمی كوردستانەوە نەچوونەتە ناو ریزەكانی گروپە چەكدارەكانی داعش ‌و ئەوەش بە سەركەوتن بۆ حكومەتی هەرێم ‌و وەزارەتی ئەوقاف ناودەبات ‌و بەسەركەوتنی ئەو رێوشوێنانە دەیداتە قەڵەم كە لەو ماوەیەدا گیراوەتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لەرووی فیكریەوە".

سەبارەت بەژمارەی تەواوی کوردی باشووری کوردستان لەنێو ریزەکانی داعشدا، ئەو بەرپرسەی ئەوقاف دەڵێت" تاكو كۆتایی ساڵی (2014)، نزیكەی (500) گەنجی هەرێمی كوردستان كە تەمەنیان لەنێوان (13 – 25) ساڵان بووەو بەرێگەی جیاجیا پەیوەندییان بەو گروپە چەكدارەكانی داعشەوە كردووە".

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە لەو (500) كەسە، نزیكەی (150) كەسیان گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان ‌و بەشی هەرە زۆریشیان لەژێر چاودێرین ‌و تاكو ئێستا دەستبەسەرن.




AM:11:27:15/06/2016