دۆکۆمێنت.."پارتی بەنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە رێگای ئەنجومەنی شووراوە درێژ بکاتەوە"

پەرلەمانتارێکی گۆڕان ئاشکرای دەکات کە پارتی بەنیازە لەڕێگەی ئەنجومەنی شوراوە ماوەی کارکردن بە یاسای ژمارە ۳ ی ساڵی ۲۰۰٦ ی بەبەرەنگاربونەوەی تیرۆر درێژ بکاتەوە".

عەبدولرەحمان عەلی پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێک بۆ سپی دەڵێت" لەئێستادا کەمتر لەمانگێکی ماوە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بکەوێتە بۆشایی یاساییەوە، چونکە لەمانگی تەمموزی ساڵی ۲۰۱٤ لەپەرلەمانی کوردستان تەنها دووساڵ دیاریکرا بۆکارکردن بەو یاسایە تا ٢٠١٦/٧/١٦ یە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت" بڕیاربوو پێش کۆتایی بەکارکردنی لەپەرلەمانی کوردستاندا، یاساکە هەموار بکرێتەوە بەشێوەیەک کە کۆک بێت لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و ڕێککەوتنە نێو دەوڵەتیەکان، چونکە یاسا کۆنەکە کەم وکورتی لەو ڕوەوە تێدایە" .

عەبدولرەحمان عەلی دەڵێت" بەهۆی پەکخستنی پەرلەمانی کوردستانەوە لەئێستادا ناتوانرێت نەماوەی کارکردنەکەی درێژ بکرێتەوە نەهەمواریش بکرێتەوە".

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کردووە "پارتی  لەڕێگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە نوسراوێکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی شوراکردوە تاکو بەبڕیارێکی ئەوان ماوەی کارکردنەکەی درێژ بکرێتەوە ، ئەم کارەی پارتی دەیکات لەدوو لاوە دەرچونە لەیاسا یەکەمیان نوسراو کردن بۆ ئەنجومەنی شورا لەدەسەڵاتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان نیە، دوەمیشیان ئەنجومەنی شورا ناتوانێت بڕیارێکی لەو شێوەیە دەربکات، چونکە لەدەسەڵاتی ئەودا نیەو، تەنها کاری پەرلەمانە و ئەوان تەنها ئەنجومەنێکی ڕاوێژکارین بۆ ڕاوەرگرتنیان لەسەر گرفتێک، یان کێشەیەک کە لەنێوان دوو دەزگا، یان وەزارەتدا ڕوودەدات نەک تەداخولکردن لەکاروباری پەرلەمان".

درێژکردنەوەی ماوەی بارزانیش وەک "سەرۆکی هەرێمی کاربەڕێکەر" ساڵی پار لەلایەن ئەم ئەنجومەنەوە بڕیاری لەسەر دراو، پەرلەمانی کوردساتان و لایەنەکانی گۆڕان و یەکێتی و ئیسلامییەکان ئەم هەنگاوەی ئەو دەمەی ئەنجومەنی شوورایان بە دەر لەدەسەڵاتی ئەوان و بەبڕیارێکی سیاسی ناوزەد کرد.





AM:11:42:18/06/2016